فالح فەییاز: پشتیوانیی ئەمریکا بۆ عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا درۆیە

 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی هەڕەشەی ئەوە لە هێزەکانی ئەمریکا دەکات کە کوشتنی ئەندامانی حەشدی شەعبی رووداوێک نابێت و تێپەڕێت و دەشڵێت، پشتیوانیکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر راست نییە. 
 
بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ـی شوباتی 2024، دوای دوو رۆژ لە هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای ئەنبار و لە کاتی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئەو چەکدارانەی حەشدی شەعبی کە لەو هێرشەدا کوژران، فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە گوتارێکدا هێرشی تووندی کردە سەر ئەمریکا و لەبارەی هێرشەکەوە گوتی، "ئەو تاوانە قێزەونە بەوە لە هێرشەکانی پێشووی جیادەکرێتەوە کە کردنە ئامانجێکی راستەوخۆی هێزەکانی حەشدی شەعبی بوو و بە پاساوی ناڕاست و شێواو و پووچیش بارەگاکان، نەخۆشخانە و هێزەکانی لە شوێنە سنوورییەکان و لەنێو سەنگەرەکان کردە ئامانج کە ئەرکی پاراستنی سنوور و پاراستنی ئەم وڵاتە و دژایەتیکردنی تیرۆریان لە ئەستۆدایە."
 
فالح فەییاز گوتیشی، "هەموو ئەوانەی دەیڵێن لەبارەی پشتیوانیکردنی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر پووچ و درۆیە".
 
فەییاز کە دەستەکەی راستەوخۆ پەیوەستە بە ئەنجوومەنی وەزیران و بەپێی یاسا دەبێت چەکدارەکانی ملکەچی فەرمانی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بن، بە هەڕەشەکردنەوە لە ئەمریکا گوتی، "ئەم رووداوە ئاسایی تێناپەڕێت، چونکە کردنە ئامانجێکی قێزەونی حەشدی شەعبی و بارەگا کارگێڕییەکان و دەستەی تەکنیکی و دامەزراوە پزیشکییەکان بوو".
 
سەبارەت بە دانوستاندنی ئێستای نێوان عێراق و ئەمریکا کە لەسەر ئاستی لیژنەیەکی باڵای سەربازی دەکرێت، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی گوتی، "دەستی سەرۆکوەزیرانی دەگوشین بۆ ئەوەی بەو ئەرکانەی هەستێت لەپێناو بەرگریکردن لە سەروەریی شکۆی عێراق و ئەوەش بە تەنیا چوونی ئەو هێزانە دەبێت و بەجێهێشتنیان دەبێت لە خاکی عێراق. دەبێت خاکی عێراق لەهەموو هێزێکی بیانی پاکبکرێتەوە؛ نابێت بەم دۆخە رازی بین".
 
فەییاز گوتی، "ناتوانین رازی بین رۆڵەکانمان بکوژرێن و ئێمەش تەنیا پرسەیان بۆ دابنێین و پرسەیان بۆ بگێڕین. ئەمە بەهیچ شێوەیەک قبووڵ ناکەین؛ برایانمان، پاڵەوانەکان، ئەوانەی لەسەر سنوور سەنگەرتان گرتووە و بەرگری لە سەروەری و شکۆی عێراق دەکەن، ئەو خوێنەی بە ناپاکی و ستەمکردن رژا بەفێڕۆ ناچێت و پێویستە هەنگاو بنێین و هەموو هەوڵێک بدەین بۆ بەجێگەیاندنی ئەوەی لەسەرمانە".
 
شەوی دووی شوباتی 2024، فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا لەبارەی هێرشەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر عێراق و سووریا، بڵاویکردەوە، "85 شوێن لەلایەن هێزەکانمان لە عێراق و سووریا کراونەتە ئامانج و 125 مووشەک تەقێندراون. هێرشەکان بۆ سەر چەند ناوچە و دامەزراوەیەکی گرنگی گرووپەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بووە."