لیستی دەنگدەران بڕیاردانی دادگەی فیدراڵیی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دواخست

 
رووداو دیجیتاڵ 

دانیشتنی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ بڕیاردان لەبارەی سکاڵایەک لە دژی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ 11-2-2024 دواخرا، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کاروباری یاسایی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت هۆکاری دواخستنەکە، لیستی دەنگدەرانە.
 
بڕیاربوو ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ی شوباتی 2024، دادگەی فیدراڵیی عێراق بڕیاری کۆتایی لەبارەی سکاڵایەکەوە بدات کە پێشتر دوو سکاڵا بوون و یەکخراون لە دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ژمارە 1ـی ساڵی 1992ی هەموارکراو، تۆمارکراوە، بەڵام دادگەکە بڕیاردانی دواخست.
 
شەرمین خدر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کاروباری یاسایی پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی گوت: "سەرۆکی دادگەکە بڕیاریداوە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق جارێکی دیکە بهێنێتەوە بۆ سکاڵاکە و داوای لێکردوون لیست و خشتەی ناوی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان و دابەشبوونیان بەپێی پارێزگاکان ئامادە بکەن و بیدەنە دادگەکە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر سکاڵاکە بدات."
 
سکاڵاکە ژمارە 83ی فیدراڵی /2023ـی هەیە و لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمان کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعون، سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەینی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە، سکاڵاکاران داوای نادەستووریبوونی مادەکانی (36،22،15،9،1)ـی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانیان کردووە.
 
سکاڵاکە کە تاوەکو ئێستا هەشت دانیشتنی لەبارەوە کراوە؛ دوایین جار ئەمڕۆ 4ـی شوباتی 2024 دواخرا و پەیوەندی بە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان، کورسیی کۆتاکان، تۆماری دەنگدەران و بازنەکانی هەڵبژاردنەوە هەیە.
 
بەپێی ژمارەیەک لە بەرپرسانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق، سکاڵاکە یەکێکە لەو هۆکارانەی رێکارەکانی ئەوانی بۆ هەڵبژاردن راگرتووە و خشتەی کارەکانیشی دواخستووە.
 
ئەو مادانەی لە یاسای هەڵبژاردن کە سکاڵاکەیان لەسەر تۆمارکراوە:
 
یەکەم: پەرلەمانی کوردستان - عێراق لە 111 ئەندام پێکدێت.
 
نۆیەم: هەرێمی کوردستانی عێراق بە یەک بازنەی دەنگدان دادەنرێت.
 
پانزەیەم: بۆ هەرێمی کوردستان تۆمار بە ناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی سەنتەرەکانی هەڵبژاردن ئامادە دەکرێن، بەپێی ریزبەندیی پیتە ئەبجەدییەکان.
 
مادەی 22: هەر کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان مافی هەیە لیستێکی تایبەت بە بەربژێرەکانی خۆی لەسەر ئاستی کوردستانی عێراق پێشکێش بکات کە رێژەیەک ئافرەتی تێدابێت 30٪ کەمتر نەبێت.
 
مادەی 36:
 
یەکەم: پێنج کورسی بۆ کلدان، سریان و ئاشووری تەرخان دەکرێت. بەربژێرەکانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.
 
دووەم: پێنج کورسی بۆ تورکمان تەرخان دەکرێن؛ بەربژێرانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.
 
سێیەم: یەک کورسی بۆ ئەرمەن تەرخان دەکرێت؛ بەربژێرانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.
 
رۆژی 30ـی ئایاری 2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانی بە نادەستووری دانا و رایگەیاند، بەگوێرەی بڕیارەکە، هەموو ئەو بڕیارانەی لەدوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانەوە دراون (واتە دوای 6ـی 11ـی 2022)، بە پووچەڵ دەژمێردرێن، لەنێویاندا شەش یاسا و بڕیاری ژمارە 10ـی پەرلەمان، کە بەپێی بڕیارەکە، پارتی دەیگوت کۆمیسیۆن کاراکراوەتەوە، یەکێتیش رەتیکردەوە و ناکۆکی لەنێوان هەردوولادا دروستکرد.
 
لە کۆبوونەوەی رۆژی 9-10-2022ـی پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران، خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ 31-12-2023 درێژکرایەوە، لە کاتێکدا 6-11-2022 تەمەنی خولەکە کۆتایی دەهات.