ئەحمەد جبووری بە پارێزگاری سەلاحەدین هەڵبژێردرا

رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی هەڵبژێردراوی پارێزگای سەلاحەدین لە یەکەم کۆبوونەوەیدا ئەمڕۆ سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنەکەی هەڵبژارد، دواتریش ئەحمەد جبووری، بە پارێزگاری سەلاحەدین هەڵبژێردرا، بەڵام پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە ئاڵۆزی لەنێو هۆڵی کۆبوونەوەکان دروست بوو.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ـی شوباتی 2024، ئەنجوومەنی هەڵبژێردراوی پارێزگای سەڵاحەدین، کۆبوونەوەی یەکەمی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک و دوو جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن کرد و شەڕ لەنێوان ژمارەیەک لە ئەندامانی فراکسیۆنەکان دروستبوو و بەهۆیەوە پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی ئاژاوە بانگکرا بۆ پاراستنی هۆڵەکە و تەشەنەسەندنی گرژییەکان.
 
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، لەنێو کۆبوونەوەکەوە بە رووداوی گوت، ناکۆکی و گرژییەکان دوای ئەوە دروست بوو کە قوتەیبە جبووری، سەرۆکی فراکسیۆنی عێراقییەی ئازاد لەگەڵ ئیسماعیل هەلوب، پارێزگاری ئێستای سەلاحەین بووە ناکۆکییان و یەکدان تۆمەتبارکردووە و دوای دروستبوونی شەڕە قسە و دەنگە دەنگ بۆ تەشەنە نەسەندنی زیاتری گرژییەکان بەهۆی بوونی خەڵکێکی دیکە لەنێو و لە دەرەوەی هۆڵەکەشدا، پۆلیس بانگکراون.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین دوای هێوربوونەوەی دۆخەکە دەستی بە رێکارەکان کردەوە. عادل سومەیدەعی بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا و محەممەد عەتییە بە جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەن هەڵبژێردران، دواتر دەرگەی خۆ بەربژێرکردن بۆ پارێزگای سەلاحەدین کرایە ئەحمەد عەبدوڵڵا جبووری" ئەبو مازن"، ئەمینداری گشتیی پارتی جەماهیری نیشتمانی بە پارێزگار هەڵبژیردرا. بەوەش پارێزگای سەڵاحەدین دەبێتە یەکەم پارێزگا کە لە دوای هەڵبژاردنەکانی 18ـی کانوونی یەکەمی ساڵی 2023ەوە پارێزگار هەڵبژێرێت.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین لە 15 ئەندام پێکهاتووە و تەنیا یەک ئەندامی کوردە، ئەویش یاسین محەممەد عەلی جومعەیە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
 
بە گوێرەى یاسای پارێزگا ناڕێکخراوەکان، لە چوارچێوەى هەرێمدا کە تایبەتە بە کارى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق و لە ساڵى 2008 پەسندکراوە، پێویستە لەدواى 15 رۆژ لە پەسندکردنى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان، پارێزگارەکان داواى یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاکانیان بکەن.
 
رۆژی 21-01-2024 کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى پەسندکرد، بەو پێیە دەبێت تاوەکو 4ـی شوبات پارێزگارەکان داواى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى نوێى پارێزگار بکەن.