هادی عامری: نابێت رێگە بە هێزەکانی ئەمریکا بدرێت یەک رۆژی دیکە لە عێراق بمێننەوە

04-02-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی چەکدارەکانی حەشدی شەعبی کە لە هێرشەکەی 2ـی ئەم مانگەی ئەمریکا بۆ سەر بارەگاکانیان کوژران، رایگەیاند، "کاتی ئەوە هاتووە رێگە نەدرێت یەک رۆژی دیکە هێزەکانی ئەمریکا و بیانییەکان لە عێراق بمێننەوە."
 
رۆژی یەکشەممە، 2-2-2024، هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح لە بەغدا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و تۆڕی میدیایی رووداویش ئامادە بوو و گوتی، "کاتی ئەوە هاتووە ئەو هێزانە دەربکرێن و رێگەیان پێنەدرێت یەک رۆژی دیکە لە خاکی عێراق بمێننەوە؛ ئەوان زۆرێک لە رۆڵەکانی گەلەکەمانیان کوشت؛ ئێستا کاتی دەرچوونیانە."
 
لەبارەی گورزەکانی ئەمریکاش بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای ئەنبار، هادی عامری گوتی، "وەشاندنی ئەو گورزە لە رۆڵەکانی حەشدی شەعبی و بارەگە دیارەکانیان بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەوان دەیانەوێت جارێکی دیکە تیرۆر بگەڕێننەوە. ئەم گورزە پڕۆسەی دەستپێکی گەڕاندنەوەی تیرۆری داعشە و بەدڵنیاییەوە ئەمریکا گەورەترین پشتیوانی داعشی تیرۆریستە."
 
سەبارەت بە بڕیاری دەرچوونی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکییەکان بەتایبەت کە ئێستا لە رێگەی لیژنەی باڵای سەربازیی ئەمریکا و عێراقەوە دانوستاندن لەبارەی ئەرکی داهاتووی هاوپەیمانان هەیە، عامری گوتی، "پێویستە لەسەر ئەنجوومەنی نوێنەران بڕیاری ئازایانەی بدات بۆ بەرگریکردن لە رۆڵەکانی گەلی عێراق و بڕیاری دەرکردنی یاسای دەستبەجێ دەرکردنی ئەو هێزانە بدات. مانەوەی ئەو هێزانە ناپاکییە لە گەلی عێراقی."
 
سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح گوتیشی،" ئەنجوومەنی نوێنەران نوێنەرایەتیی گەلی عێراق دەکات. هەرچی دواخستنە واتە رشتنی خوێنی زیاتر و قوربانیی زیاتر کە دەیدەین کە بۆ هیچ شتێک نییە، جگە لە رازیکردنی ئەمریکا."
 
سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح ئەمریکای بە "پشتیوانی تیرۆر" ناوبرد و رایگەیاند، "تیرۆر بوونی نییە. تیرۆر ئەمریکا چ کاتێک بیەوێت دەیجووڵێنێت. تیرۆری داعش شەڕمان لەگەڵ کرد و کۆتایی پێهات. ئەمڕۆ ئەمریکا دەیجووڵێنێت، ئێمەش ئامادەی رووبەڕووبونەوەی تیرۆری داعش و هەموو ئەو لایەنانەین کە دەیانەوێت پشتیوانی بکەن. رێگە بە حکومەت و بە پەرلەمان نادەین لەئاست ئەو تاوانە قێزەونە بێدەنگ بن کە بە ئاشکرا رۆڵەکانی حەشدی شەعبی کردە ئامانج."
 
سەبارەت بە بوونی خشتەیەکی کاتی بۆ دەرچوونی هێزە بیانییەکان لە عێراق، هادی عامری گوتی، "هیچ باوەڕم بە خشتەدانان بۆ دەرچوونی هێزەکان نییە؛ باوەڕم بە یەکسەر دەرکردنیان هەیە؛ ئەوانە تاوانبار و بکوژن و باوەڕم بە دەرکردنی خێرا و بێ دواکەوتنیان هەیە."
 
دوای هێرشەکەی شەوی 2ـی شوبات بۆ سەر عێراق و سووریا، فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا بڵاویکردەوە، "85 شوێن لەلایەن هێزەکانمان لە عێراق و سووریا کراونەتە ئامانج و 125 مووشەک تەقێندراون. هێرشەکان بۆ سەر چەند ناوچە و دامەزراوەیەکی گرنگی گرووپەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بووە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت