گالەری

04-02-2024
12 Photos
رووداو دیجیتاڵ 

شەقامەکانی بەغدا ئەمڕۆ بە چەکدارانی حەشدی شەعبی تەنرابوون؛ بەشدارییان لە رێوڕەسمی ناشتنی تەرمی ئەو چەکدارانەیاندا کرد، کە لەلایەن ئەمریکاوە لە قائیم کرانە ئامانج.
 
بەیانیی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 4ـی شوباتی 2024) دوای دوو رۆژ لە هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای ئەنبار، رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئەو چەکدارانەی حەشدی شەعبی کە لەو هێرشەدا کوژران، لە بەغدا بەڕێوەچوو.
 
سەرکردە، چەکدار و لایەنگرانی حەشدی شەعبی توڕەن، لەسەر شەقامەکان درووشمی هەڕەشەئامێزیان لەدژی ئەمریکا بەرزکردەوە، لە یەکێک لەو لافیتانەی بەرزیان کردووەتەوە، نووسراوە "ئەڵاهوئەکبەر، مردن بۆ ئەمریکا، مردن بۆ ئیسرائیل."
 
هادی عامری، سەرکردەی دیاری شیعەکان کە لە رێوڕەسمەکەدا بەشداربوو، گوتی کاتی ئەوە هاتووە رێگە نەدرێت یەک رۆژی دیکە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بمێننەوە. 
 
هەروەها فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە گوتارێکدا هێرشی تووندی کردە سەر ئەمریکا و لەبارەی هێرشەکەوە گوتی، "ئەو تاوانە قێزەونە بەوە لە هێرشەکانی پێشووی جیادەکرێتەوە کە کردنە ئامانجێکی راستەوخۆی هێزەکانی حەشدی شەعبی بوو و بە پاساوی ناڕاست و شێواو و پووچیش بارەگاکان، نەخۆشخانە و هێزەکانی لە شوێنە سنوورییەکان و لەنێو سەنگەرەکان کردە ئامانج کە ئەرکی پاراستنی سنوور و پاراستنی ئەم وڵاتە و دژایەتیکردنی تیرۆریان لە ئەستۆدایە."
 
فالح فەییاز گوتیشی، "هەموو ئەوانەی دەیڵێن لەبارەی پشتیوانیکردنی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر پووچ و درۆیە".
 
فەییاز کە دەستەکەی راستەوخۆ پەیوەستە بە ئەنجوومەنی وەزیران و بەپێی یاسا دەبێت چەکدارەکانی ملکەچی فەرمانی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بن، بە هەڕەشەکردنەوە لە ئەمریکا گوتی، "ئەم رووداوە ئاسایی تێناپەڕێت، چونکە کردنە ئامانجێکی قێزەونی حەشدی شەعبی و بارەگا کارگێڕییەکان و دەستەی تەکنیکی و دامەزراوە پزیشکییەکان بوو."
 
ژمارەی کوژراوانی گرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق لەئەنجامی هێرشەکەی ئەمریکا، ئەمڕۆ بە گیانلەدەستدانی بریندارێکی هێرشەکە، گەیشتە 17 کەس و 35ـی دیکەش بریندارن.