بەرپرسی هۆبەی یاسایی پەرلەمان: ئەمڕۆ دادگەی فیدراڵی بڕیار لەبارەی یاسای هەڵبژاردن دەدات

04-02-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ "بڕیاردان" لەبارەی سکاڵایەک لە دژی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە. بەرپرسی هۆبەی یاسایی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت، "ئەمڕۆ دادگە بڕیار لەبارەی سکاڵاکە دەدات."
 
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ی شووباتی 2024، دادگەی فیدراڵیی عێراق بۆ تاوتوێکردنی دوو سکاڵا، هەروەها بڕیاردان لەبارەی سکاڵایەک دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ژمارە 1ـی ساڵی 1992ی هەموارکراو، کۆببێتەوە. سکاڵاکەی سەر پەرلەمان پێشتر دوو سکاڵا بوون و ئێستا یەکخراون.
 
سکاڵاکە ژمارە 83ی فیدراڵی /2023ـی هەیە و لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمان کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعون، سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەینی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە، سکاڵاکاران داوای نادەستووریبوونی مادەکانی (36،22،15،9،1)ـی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانیان کردووە.
 
رۆژی یەکشەممە، 4ـی شوباتی 2024، شەرمین خدر بەهجەت، بەرپرسى هۆبەى یاسایی پەرلەمانى کوردستان بە رووداوی گوت، "ئەمڕۆ دادگەکە بڕیاری کۆتایی لەبارەی ئەو کەیسەوە دەدات، چونکە دواخستنی لە دانیشتنی مانگی رابردووش هەر بۆ بڕیاردان نەوەک تاوتوێکردن دواخراوە، سکاڵاکەش هەموو لایەنە یاسایی و رێکار و بەڵگەنامە و پێویستییەکانی تەواو بووە و چاوەڕوانی بڕیار دەکات."
 
سکاڵاکە کە تاوەکو ئێستا حەوت دانیشتنی لەبارەوە کراوە؛ دوایین جار لە 21ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ دواخرا و پەیوەندی بە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان، کورسیی کۆتاکان، تۆماری دەنگدەران و بازنەکانی هەڵبژاردنەوە هەیە.
 
بەپێی ژمارەیەک لە بەرپرسانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق، سکاڵاکە یەکێکە لەو هۆکارانەی رێکارەکانی ئەوانی بۆ هەڵبژاردن راگرتووە و خشتەی کارەکانیشی دواخستووە.
 
ئەو مادانەی لە یاسای هەڵبژاردن کە سکاڵاکەیان لەسەر تۆمارکراوە:
 
یەکەم: پەرلەمانی کوردستان-عێراق لە 111 ئەندام پێکدێت.
 
نۆیەم: هەرێمی کوردستانی عێراق بە یەک بازنەی دەنگدان دادەنرێت.
 
پانزەیەم: بۆ هەرێمی کوردستان تۆمار بە ناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی سەنتەرەکانی هەڵبژاردن ئامادە دەکرێن، بەپێی ریزبەندیی پیتە ئەبجەدییەکان.
 
مادەی 22: هەر کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان مافی هەیە لیستێکی تایبەت بە بەربژێرەکانی خۆی لەسەر ئاستی کوردستانی عێراق پێشکێش بکات کە رێژەیەک ئافرەتی تێدابێت 30٪ کەمتر نەبێت.
 
مادەی 36:
 
یەکەم: پێنج کورسی بۆ کلدان، سریان و ئاشووری تەرخان دەکرێت. بەربژێرەکانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.
 
دووەم: پێنج کورسی بۆ تورکمان تەرخان دەکرێن؛ بەربژێرانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.
 
سێیەم: یەک کورسی بۆ ئەرمەن تەرخان دەکرێت؛ بەربژێرانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.
 
رۆژی 30ـی ئایاری 2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانی بە نادەستووری دانا و رایگەیاند، بەگوێرەی بڕیارەکە، هەموو ئەو بڕیارانەی لەدوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانەوە دراون (واتە دوای 6ـی 11ـی 2022)، بە پووچەڵ دەژمێردرێن، لەنێویاندا شەش یاسا و بڕیاری ژمارە 10ـی پەرلەمان، کە بەپێی بڕیارەکە، پارتی دەیگوت کۆمیسیۆن کاراکراوەتەوە، یەکێتیش رەتیکردەوە و ناکۆکی لەنێوان هەردوولادا دروستکرد.
 
لە کۆبوونەوەی رۆژی 9-10-2022ـی پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران، خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ 31-12-2023 درێژکرایەوە، لە کاتێکدا 6-11-2022 تەمەنی خولەکە کۆتایی دەهات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت