سەرۆکی فراکسیۆنێکی پەرلەمانی عێراق داوای دەرکردنی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
فراکسیۆنی پەرلەمانیی حقووق یەکێک لە فراکسیۆنەکانی نزیک لە کەتیبەکانی حیزبوڵڵا لە عێراق لە دوای هێرشەکەی ئەمڕۆی سەر هێزەکانی نوجەبا لە بەغدا، دوو نووسراوی جیاوازی ئاراستەی سەرۆکوەزیران و سەرۆککومار کرد و داوای دەرکردنی باڵیۆزی ئەمریکا دەکات.
 
رۆژی پێنجشەممە، 4-1-2024، سعود ساعیدی، سەرۆکی فراکسیۆنی حقووق، یەکێک لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق نزیک لە کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق، دوو نووسراوی جیاوازی ئاڕاستەی لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد. بە سەرۆککۆمار دەڵێت، "بەپێی ئەو رۆڵەی پێتان راسپێردراوە کە پارێزگاریکردنە لە سەروەریی عێراق، بەپێی مادەکانی 1 و 67 و 109ی دەستوور، بفەرموون بۆ دەرکردنی مەرسوومی کۆماریی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی کاخەزەکانی پشتبەستنی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق بەپێی ئەو دەسەڵاتە دەستوورییانە بەپێی مادەی 73ـی دەستوور پێتاندراوە."
 
هۆکارەکەی بۆ دووبارەبوونەوەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی گەڕاندووەتەوە.
 
سعود ساعیدی، سەرۆکی فراکسیۆنی حقووق، کە شەش پەرلەمانتاریان لە پەرلەمانی عێراق هەیە، لە نووسراوێکی دیکەدا کە ئاڕاستەی محەممەد شیاع سوودانی کردووە، سێ پرسیاری لێکردووە کە ئەمانەن:
 
- ئەو رێوشوێنانە چین کە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە دژی هێزەکانی ئەمریکا دەیانگرێتەبەر کە بەردەوامن لە پێشیلکردنی سەروەریی عێراق، دوایینیان کوشتنی یەکێک لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی بووە لە رۆژی پێنجشەممە، 4ـی کانوونی دووەمی 2024؟
 
- هۆکارەکانی ئەوەی ئێوە و وەزارەتی دەرەوە تاوەکو ئێستا باڵیۆزی ئەمریکاتان بانگهێشت نەکردووە و نووسراوی ناڕەزاییتان پێنەداوە لەسەر ئەو هێرشەی سەر حەشدی شەعبی کە پێشێلکردنێکی روونی سەرورەیی عێراقە؟
 
- بۆچی حکومەتی عێراق بێدەنگە لە جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەران تایبەت بە دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق کە ژمارە 18ـی ساڵی 2020ـە؟
 
ئەمڕۆ بە درۆن هێرشکرایە سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە شەقامی فەلەستینی بەغدا، لە ئەنجامدا سێ چەکدار کوژران و حەوتی دیکەش بریندار بوون، یەکیک لە کوژراوەکان ئەبو تەقوایە کە فەرماندەی لیوایە، ئەو لیوایەی کراوەتە ئامانج، لیوای 12ـی نوجەبای سەر بە حەشدی شەعبییە، کە زیاتر لە هەزار چەکداری هەیە، لەلایەن ئەکرەم کەعبییەوە سەرپەرشتی دەکرێت و بەشێک لە هێزەکانیان لە سووریان.
 
نوجەبا پێکهێنەرێکی گرووپە چەکدارەکانی شیعەیە و خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنن، لە دوای 17ـی ئۆکتۆبەری 2023ـوە، بە پاساوی بەرگریکردن لە دانیشتووانی غەززە هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، سووریا، هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان.
 
شەوی چوارشەممە 03-01-2024، ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، بەرپرسیاریێتیی حکومەتی عێراقە، کە هەنگاو لە دژی هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا بنێت. هەرکاتێکیش پێویست بکات دوودڵ نابن لە بەرگریکردن لەخۆیان.