پێنتاگۆن بۆ رووداو: لە پاراستنی هێزەکانمان لە عێراق و سووریا بەردەوام دەبین
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، ئەمریکا هێزەکانی لە عێراق و سووریا دەپارێزێت و بەردەوام دەبن لە هەنگاونان بۆ پاراستنیان. هەروەها بەرپرسێکی ئەمریکی لەبارەی هێرشەکانی ئەمڕۆی بەغدا دەڵێت، ئەمریکا ئەو سەرکردەیەی حەشدی شەعبی کردووەتە ئامانج.
نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە، کاژێر 11:50 خولەک بە کاتی هەولێر، لە گەڕەکی فەلەستینی بەغدا دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز بیسترا، دواتر بزووتنەوەی نوجەبا کوژرانی دوو فەرماندەی راگەیاند بە ناوەکانی ئەبوو تەقوا سەعیدی و یاریدەدەرەکەی بە ناوی ئەبوو ئیمتیحان کوژراون.
گوتەبێژێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە وەڵامی دیار کوردە، پەیامنێر و بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن کە ئایا ئەمریکا بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشانەی سەر بنکەیەکی هێزە چەکدارەکان لەنێو وەزارەتی نێوخۆی عێراق لە ئەستۆ دەگرێت؟ گوتی، ئەمریکا بەردەوام هەنگاوەکانی بۆ پاراستنی هێزەکانییەتی لە عێراق و سووریا بەردەوامیش دەبن لەو پاراستنە.
رۆژی پێنجشەممە، 4ـی کانوونی دووەمی 2024، بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکی رایگەیاند، سوپای ئەمریکا هێرشەکەی سەر ئەو میلیشیا عێراقییەی کردووە ئەو گرووپەی بە ئەنجامدەری هێرشەکانی سەر بنکەکانی سوپای ئەمریکا لە عێراق تۆمەتبار کردووە.
ئەو بەرپرسە سەربازییەی ئەمریکا کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، هێرشەکەیان بۆسەر ئۆتۆمبێلێک بووە لە بەغدا و ئامانجەکەشیان سەرکردەیەکی بزووتنەوەی نوجەبا بووە؛ بەبێ ئەوەی ناوی ئەو سەرکردەیە کە کراوەتە ئامانج، بهێنێت.
یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لەدوای هێرشەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە؛ کە بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان بووە هۆی کوژرانی فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی و جێگرەکەی، لەگەڵ برینداربوونی شەش کەسی دیکە.
لە راگەیێندراوەکەی یەحیا رەسوول هاتووە، "لە دەستدرێژییەکی زەقدا بەسەر سەروەریی عێراق و ئاسایشەکەی، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان کارێکی کرد، کە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ کاری تیرۆرستی نییە و، ئەمڕۆ (پێنجشەممە) یەکێک لە بارەگا ئەمنییەکانی لە بەغدای پایتەخت کردە ئامانج."
ئەو لیوایەی کراوەتە ئامانج، لیوای 12ـی نوجەبای سەر بە حەشدی شەعبییە، کە زیاتر لە هەزار چەکداری هەیە، لەلایەن ئەکرەم کەعبییەوە سەرپەرشتی دەکرێت و بەشێک لە هێزەکانیان لە سووریان.
نوجەبا پێکهێنەرێکی گرووپە چەکدارەکانی شیعەیە و خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنن، لە دوای 17ـی ئۆکتۆبەری 2023ـوە، بە پاساوی بەرگریکردن لە دانیشتووانی غەززە هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، سووریا، هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان.