دوای کوژرانی دوو بەرپرسی حەشد لە بەغدا، چەکدارەکانیان هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
"شەهیدبوونمان دەوێت"، ئەمە گوتەی ئەندامێکی حەشدی شەعبییە و بەمجۆرە هەستی خۆی دژی هێرشی سەر بارەگای لیوای 12ی حەشدی شەعبی لە بەغدا دەردەبڕێت.
ئەبوو سەیف دەبی، ئەندامی حەشدی شەعبی دەڵێت، "نامانترسێنن، ئێمە شەهیدبوونمان دەوێت، چاوەڕێی چی دەکەین؟ با شەهیدبین، نە فڕۆکەکانیان نە درۆنەکانیان نامانترسێنن، ئەگەر ئەوان خۆیان بە پاڵەوان دەزانن با بێنە مەیدان و پاڵەوانەکانی حەشد ئامادەن. لەسەرمانە یەکڕیز بین، ئەگەر ئەم هێرشە بەسەرمان تێپەڕێت و هیچ وەڵامێکیان نەدرێتەوە، سوێند بەخوا کۆنتڕۆڵی هەموو بارەگاکانمان دەکەن."
هێرشی سەر هێزەکانی حەشد کە کوژرانی دوو بەرپرس و برینداربوونی چوار حەشدی دیکەی لێکەوتەوە، دەنگی حەشدییەکانی بۆ تۆڵەسەندنەوە رژدتر کردووە.
ئەبوو محەممەد سەعیدی، ئامۆزای ئەبوو تەقوا بە رووداوی گوت، "تاوەکو دوایین کەسمان بەرگری دەکەین، ئەمریکییەکان بۆ کوێ لەدەستمان رادەکەن؟ خوێنیان هەر لێوەردەگرینەوە، ئەمڕۆ نا سبەی، ساڵێکی تر نا 10 ساڵی دیکە. خوێنی شەهید بەفیڕۆ ناڕوات."
ئێستا زیاتر لە هەرکاتێک گرووپ و کەسایەتییەکانی حەشد پێداگرن لەسەر هەرچی خێرا دەرکردنی هێزەکانی هاوپەیمانان، وێڕای ئەوەی هێرشەکە بە تیرۆریستی دەزانن و دەڵێن، ئەم کارە دەبێتە هۆی تێکدانی هەموو لێکتێگەیشتنێکی نێوان هێزە چەکدارەکانی عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی.
بۆردوومان، درۆن، هەڕەشە و کوژران رووداوەکانی ئەمدواییەی عێراقن، هێرشکار و هێرشلێکراو تێدا دەگۆڕێن، بەڵام ئەوەی نەگۆڕە ئەو راستییەیە کە گرژییەکان هێندە پەرەیان سەندووە کە ئەستەمە بەئاسانی هێوربێتەوە.