سەنتەری ستراتیژیی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق: ساڵی رابردوو 7 هەزار رووداوی هاتووچۆ روویانداوە

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی سەنتەری ستراتیژیی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاند لە ساڵی 2023دا حەوت هەزار رووداوی هاتووچۆ لە عێراق روویانداوە. شۆفێرانیش بە هۆکاری سەرەکی ئەو رووداوانە دەزانێت، دەشڵێت، "عێراق پێویستی بە دوو هەزار کیلۆمەتر رێگەی خێرا هەیە."
 
رۆژی چوارشەممە، 03-01-2024، فازڵ غەڕاوی، سەرۆکی سەنتەری ستراتیژیی مافەکانی مرۆڤ، راگەیێندراوێکی لەبارەی رووداوەکانی هاتووچۆ لە عێراق بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "لە79.2٪ـی رووداوەکان خودی شۆفێرەکان بوون، 8.1٪ـی هۆکارەکانیش بەهۆی ئۆتۆمبێلەکان و 6.2٪ بەهۆی رێگەکانە و 6.5٪یش هۆکاری دیکە بووە."
 
فازڵ غەڕاوی پێیوایە زۆربوونی رووداوەکانی هاتووچۆ دەگەڕێتەوە "بۆ کۆنیی رێگە و شەقامەکان بەهۆی نۆژەننەکردنەوەیان و نەبوونی هێماکانی هاتووچۆ و نەبوونی کەرەستە و پێویستییەکانی سەلامەتی و شورای ئەمنی و کامێراکان، جگە لە پابەندنەبوونی شۆفێران بە سیستمی هاتووچۆ و رێساکانی رۆیشتن، سەرباری خێرایی زۆر  تێپەڕاندنی رێڕەوی خۆیان، لەگەڵ پابەندنەبوون بە هێماکانی هاتووچۆ."
 
هەروەها بە گرنگی دەزانێت کە عێراق رێگە خێراکانی زیاد بکات و قیرتاوکردنی شەقامە کۆنەکانی دەستپێبکاتەوە، دەشڵێت، " رێگە خێراکانی نێوان شارەکان لە هەموو رێگەکانی دیکە پێویستترن."
 
بەپێی ئاماری سەنتەرەکە، ساڵی 2021 لە عێراق هەشت هەزار و 286 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و بەهۆیانەوە دوو هەزار و 152 کەس گیانیانلەدەستداوە، لەساڵی 2022دا 11 هەزار و 523 رووداو روویانداوە و سێ هەزار و 79 کەس بەهۆیانەوە گیانیانلەدەستداوە و هەشت هەزار و 444 کەسیش برینداربوون."
 
رۆژی یەکشەممە، 31-12-2023، عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، لەبارەی سەرپێچییەکانی تایبەت بە رووداوەکانی هاتووچۆ، رایگەیاند، لە ساڵی 2023ـدا سێ ملیۆن و 500 هەزار سەرپێچیی هاتووچۆ تۆمارکراون، بەو پێیە رۆژانە دەکاتە نۆ هەزار و 589 سەرپێچی، واتە هەر کاژێرێک 399 سەرپێچیی هاتووچۆ کراون و هەر خولەکێک حەوت سەرپێچی روودەدات.