رووداو دیجیتاڵ
لە سەرەتای ئەم ڤیتییە گرتە ڤیدیۆیەک نیشان دەدرێت کە تێیدا دەردەکەوێت چەند عەرەبێکی هاوردە لە گوندی تەرجلی سنووری لەیلان لە پارێزگای کەرکووک، کە یەکێکیان جلی سەربازی لەبەردایە، رێگری لە کارکردنی جووتیارێکی کورد دەکەن. چالاک خاوەنی ئەو زەوییەیە کە کارکردنیان پێی راگرتووە و دەڵێت، "هەڕەشەیان لێکردووم و پێیان گوتم: گوێ لە بەڕێوەبەری ناحیە و یاسا ناگرین."
چالاک ئیبراهیم، جووتیاری خاوەن زەویوزار دەڵێت، "ئەو [ئەو کەسەی رێگری لێکردووە] گرێبەستی تازە نەکردووەتەوە و گرێبەستی نییە، گرێبەستەکەی پووچەڵکراوەتەوە. من تاپۆی باوک و باپیرم هەیە لەسەر ئەم زەوییە. بەڕێوەبەری ناحیە دەڵێت: بڕۆ تۆی بکە و زەویی تۆیە، بەڵام ئەو کابرایە دێتە سەرم و هەڕەشەم لێدەکات، سبەی بتکوژێت، کێ هەیە لەم دەشتە؟"
هەر بەهۆی مەترسی و لێسەندنەوە و چاوتێبڕینی هاوردەکانەوە، تاوەکو ئێستا بەشێک لە جووتیارانی کوردی سنوورەکە زەوییەکانیان بەکارناهێنن. کازم مستەفا، جووتیارە و دەڵێت، "هەڕەشەمان لێدەکەن و دێنە سەرمان، ناهێڵن زەوییەکانمان بکێڵین، مەترسیمان لەسەرە."
جووتیارە کوردەکان لە ناوچەکەدا بەڵگەی خاوەندارێتیی زەوییەکانیان هەیە. بەڕێوەبەری ناحیەکە تورکمانی شیعەمەزهەبە و خەڵکی رەسەنی لەیلانە، دەڵێت، "ئەوانەی دێن داوای زەوی دەکەن، هیچیان خەڵکی ئەم سنوورە نین، ئەو گرێبەستانەی بەعس بۆی کردبوون ئێستا هەڵوەشاوەتەوە."
محەممەد وەیس، بەڕێوەبەری ناحیەی لەیلان باسی لەوەش کرد، "هەر خەڵکی لەیلان نین، خەڵکی حەویجەن، کاتی خۆی کۆمەڵگەی رزگاری کە راگواستران، ئەوان هاتن لەوێ نیشتەجێبوون، ئەم پیاوەی دوێنێ هاتبوو، گرێبەستەکەی پووچەڵکراوەتەوە."
زیاتر لە شەش بۆ حەوت هەزار دۆنم زەویی جووتیارانی کورد لە گوندی تەرجل هەڕەشەی دەستبەسەرداگرتنی لەسەرە لە لایەن هاوردەکانەوە. لە سنووری لەیلان تەنیا زەویی کورد نییە کێشەی لەسەرە، بەڵکو جووتیارانی تورکمانیش هەمان کێشەیان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ