بانکى نێودەوڵەتى: تاوەکو ساڵی 2035 لە عێراق 15%ى ئاو کەم دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەى راپۆرتێکى بانکى نێودەوڵەتى، بەهۆى گۆڕانکاریی کەشوهەواوە تاوەکو ساڵى 2035 جیاوازى ئاوى بەردەست لەگەڵ خواستى بەکارهێنانى دەگاتە 5 بۆ 11 ملیار مەتر سێجا. دەشڵێت، عێراق "دووەم کەمترین رێژەى کارکردنى خانمانى لەسەر ئاستى جیهان هەیە."
بانکى نێودەوڵەتى لە 3ى کانوونى دووەمى 2023 راپۆرتێکى لەبارەى پێشبینیەکانى بۆ دۆخى عێراق بڵاوکردەوە بە ناوى راپۆرتى کەشوهەوا و پەرەپێدان.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، کەمبوونەوەی ئاو لە عێراق بەشێوەیەکى خێرایە و پێشبینیدەکرێت تاوەکو ساڵى 2035 جیاوازى بڕى ئاوى داواکراو لەگەڵ ئەو بڕەى لەبەردەستە بگاتە نێوان 5 بۆ 11 ملیار مەتر سێجا و ئەوەش دەکاتە تێکڕاى 15%ى خواست لەسەر ئاو.
لە بەشێکى دیکەى راپۆرتەکەدا هاتووە، گۆڕانکارى کەشوهەوا و بەرزى پلەى گەرمى و کەم بارانى لە عێراق دەبێتە هۆى کەمبوونەوەى ئاوى پێویست بۆ کشتوکاڵ بە رێژەى 20%، بەهۆى ئەوەشەوە تێکڕاى بەرهەمى نێوخۆیی بە رێژەى 3.9% کەم دەکات.
بانکى نێودەوڵەتی ئاماژەى بەوەشداوە کە لە چوار بەش، سێ بەشی گازە زیانبەخشەکان بۆ ژینگە لە عێراق لە کەرتى کارەبا، نەوت، گواستنەوەیە و ئەو گازەى لە عێراق دەسووتێت.
خوێندن و بەشدارى ژنان لە عێراق لە بەشێکى دیکەى راپۆرتەکەى بانکى نێودەوڵەتی باسکراوە کە تێیدا هاتووە: "تەنها 13%ى خانمان هێزی کارى عێراق پێکدەهێنن؛ لە دواى یەمەن بە دووەم کەمترین رێژەی کارکردنى خانمان دادەنرێت لەسەر ئاستى جیهان."
بانکى نێودەوڵەتی ئاماژەى بەوەشداوە کە سیستمى خوێندن لە عێراق "بێهێزترینە" لە ناوچەکە و ئەو منداڵەى لە عێراق لەدایک دەبێت تەنها 40%ى تواناکانى دەخاتەکار.