هەلیکۆپتەرێکی سوپای عێراق لە بێجی کەوتەخوارەوە

04-01-2017
رووداو @Rudawkurdish
وێنەیەکی ئەرشیڤیی هەلیکۆپتەرێکی سوپای عێراق
وێنەیەکی ئەرشیڤیی هەلیکۆپتەرێکی سوپای عێراق
نیشانەکردن بێجی هەلیکۆپتەر
A+ A-

رووداو - هەولێر 

هەلیکۆپتەرێکی سوپای عێراق رۆژی چوارشەممە 4-1-2017 لە قەزای بێجی لە باکووری تکریت کەوتەخوارەوە.

بەهمەن حەسەن، پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند "وەزارەتی بەرگریی عێراق هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاندووە، هەلیکۆپتەرەکە بەهۆی هەڵەیەکی تەکنکیەوە کەوتووەتخوارەوە، بێ ئەوەی زانیاری زیاتر بڵاوبکاتەوە".

پەیامنێری رووداو لە بەغدا هەروەها گوتی "هەلیکۆپتەرەکە بەرەو ئاراستەی هێزەکانی حەشدی شەعبی رۆیشتووە لە باشووری رۆژئاوای موسڵ و، هاوکاری سەربازیی بۆ حەشدی شەعبی هەڵگرتووە، بەڵام بەر لە گەیشتنی بۆ شوێنی دیارکراو کەوتووەخوارەوە لە دەشتیاییەکانی بێجی".

شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە پەرلەمانی عێراق لەمبارەیەوە بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند بەهۆی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکە " چوار ئەفسەری هێزی ئاسمانی عێراقی گیانیان لەدەستداوە کە یەکێکیان پلەی رائیدە".

شاخەوان عەبدوڵڵا هەروەها گوتی "سندوقە رەشەکەی هەلیکۆپتەرەکە دۆزراوەتەوە و لەو رێگەیەوە هۆکارەکەی ئاشکرا دەکرێت".

 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە