هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەبارەی دۆخی سووریا دەستپێشخەرییەک رادەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دڵنیایی دەداتە خەڵکی عێراق لەبارەی دۆخی ئەمنیی وڵاتەکە، هەروەها دەستپێشخەرییەکی عێراقییانەش رادەگەیێنێت بۆ ئەوەی وڵاتانی دراوسێی و پەیوەندیدار بە دۆخی سووریا "بەپەلە لە بەغدا کۆببنەوە."
ئێوارەی سێشەممە، 3-12-2024، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە بەغدا کۆبوونەوە.
بە گوێرەی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، هاوپەیمانییەکە پشتیوانی و پاڵپشتیی خۆی بۆ هەموو هەوڵە دیپلۆماسیی و ئەمنییەکانی حکومەتی عێراق دەربڕی کە هەر لە سەرەتای قەیرانی سووریاوە داویەتی. داواش دەکات بەغدا بارەگای گفتوگۆ بەردەوامەکان بێت.
هاوپەیمانیی بەڕێوەبەردنی دەوڵەت، هەموو خەڵکی عێراق دڵنیا دەکاتەوە کە ئامادەکاریی پێویست کراوە بۆ ئەوەی نەهێڵدرێت عێراق رووبەڕووی مەترسی بێتەوە لەو دۆخەی سووریای گرتووەتەوە.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو، گرووپە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا هێرشیان کردە سەر هێزەکانی حکومەتی سووریا لە حەلەب و ئیدلب، هێزەکان پێشڕەویی زۆریان کردووە و بەهۆیەوە دەیان هەزار خێزان لە شوێنەکانی خۆیان ئاوارەبوون کە بەشێکی زۆریان ئاوارەکانی خەڵکی عەفرینن لە ناوچەکانی شەهبا و گەڕەکەکانی دیکەی دەوروبەری حەلەب.
هاوپەیمانێتییەکە داواش دەکات رێکاری پێویست بگیرێتەبەر لە رێگەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە عێراق و سووریا ئاسایش و سەلامەتیی خاکی سووریا و ئاسایشی نەتەوەیی عێراقیش بپارێزرێت.