رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق، جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی راگەیاند و دەشڵێت "2 ملیۆن و 151 هەزار و 551 خێزان چاودێریی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە."
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە 03-12-2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە بۆنەی رۆژی جیهانیی نیڤشکان سەردانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراقی کرد و لەگەڵ ئەحمەد ئەسەدی، وەزیر کار کۆبووەوە، بۆ ئاگاداربوون لە دوایین رێکارەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتی.
سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیاند، "ئەمڕۆ یەکشەممە یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاران کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە."
محەممەد شیاع سوودانی گوتی، "دوو ملیۆن و 151 هەزار و 551 خێزان چاودێریی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە، ئەوەش بەرزترینە لە مێژووی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراقدا."
لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق رۆژی 22ـی ئابی 2023، یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکارانی پەسندکرد، دوای ئەوەی رۆژی 17 ئایاری 2023، پەرلەمانی عێراق یاساکەی پەسندکرد.
نوور نافع، ئەندامی لیژنەی کاری پەرلەمانی عێراق تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نابێت مووچەی خانەنشینیی کرێکار، لە کەمترین مووچەی کرێکار کەمتربێت و لە 80٪ـی کرێی مامناوەندیش زیاتربێت. هەروەها ئەگەر دوو خانەنشینی هەبێت ئەوا باشترینەکەی بۆ هەژمار دەکرێت و ئەوی دیکەیان دەبڕدرێت."
فراوانکردنی چالاکییەکانی کەرتی تایبەت و کەمکردنەوەی داواکاریی دامەزراندن لە کەرتی گشتی، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەو یاسایە نوێیەیە. ئەو کرێکارانەشی بە یاسای پێشوو کە یاسای ژمارە 39ـی ساڵی 1971 خانەنشین بوونە و مووچەکەیان 170 بۆ 200 هەزار دینارە، کەمترین مووچەیان دەبێتە 500 هەزار دینار.
بە گوێرەی یاساکە؛ حکومەت 80٪ـی پارەی خانەنشینی دەدات، 15٪ کۆمپانیا و شوێنی کار و 5٪یش کارمەندەکە. کرێکاریش بە خزمەتی 15 ساڵ دەتوانێت داوا خانەنشینی بکات، لەگەڵ پێدانی کۆمەڵێک ئیمتیازاتی دیکە بە کرێکار.
حوسێن روبێعی، ئەندامی لیژنەی کار لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "خاوەن کارەکە پابەندە بەوەی پۆلیس و بەشی پشکنینی دەستەکە ئاگادار بکاتەوە کاتێک کرێکار تووشی هەر رووداوێک دەبێت. لەماوەی 24 کاژێر دوای رووداوەکە پێویستە ناو و ناونیشانی کرێکارەکە پێشکێش بکات لەگەڵ پوختەیەک لەسەر رووداوەکە و دۆخی ئەو کەسەی تووشی پێکان بووە، ئەو شوێنەشی بۆ چارەسەرکردن سەردانی کردووە."
بەپێی یاساکە؛ نابێت مووچەی خانەنشینی هیچ کرێکارێک لە 350 هەزار دینار کەمتر بێت. بەرزترینیش ملیۆنێک و 750 هەزار دینارە، دەتوانرێت خزمەتی سەربازی و گرێبەستی بۆ زیاد بکرێت. یاساکە نەک تەنیا کارمەندانی کەرتی تایبەت دەگرێتەوە، بەڵکو ئەوانەش دەگرێتەوە کە کاری ئازاد دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ