جومانە غەلای: بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان چاوەڕوانی بودجەین

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، بەشێک لە رێکارەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان تەواو کردووە، بۆ رێکارەکانی دیکەش چاوەڕوانن بودجەیان پێبدرێت؛ کە بە گوتەی ئەو، بڕی 70 ملیار دینارە. دەشڵێت، "دابەشکردنی کورسیی پێکهاتەکان بەو شێوەیەی پێشنیاز کراوە بە پشتبەستن بە یاسا بەرکارەکان و ژمارەی دانیشتووانە."
 
رۆژی یەکشەممە 03-12-2023 تۆڕی میدیایی رووداو پێشنیازێکی کۆمیسیۆنی بۆ دابەشکردنی 11 کورسیی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە، کە کورسییەکان بەپێی پێکهاتە و پارێزگاکان دابەشکاریی نوێیان بۆ کراوە، بەشێک لە پێکهاتەکان و لایەنەکانیش رەتیدەکەنەوە.
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە بوولتەنی نیڤڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سورەیا هەساری پێشکێشی کرد، گوتی، "هیچ کارێک بەبێ پشتبەستن بە یاسا ناکەین، بۆیە بە بۆچوونی خۆمان ئەو کورسییانەمان دابەش نەکردووە، بەپێی کۆمیسیۆن دوو کورسی بۆ تورکمان لە هەولێر و دوو کورسی لە سلێمانی و یەک کورسی لە دهۆک دەبێت، هەروەها دوو کورسی بۆ کلدان سریان ئاشووری لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و یەک کورسی لە دهۆک دەبێت، جگە لەوەی کورسییەکیش بۆ ئەرمەنەکان دەبێت."
 
روونیشیکردەوە، "تەرخانکردنی ئەو کورسییانە بەو شێوەیە، بە پشتبەستنە بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران، پارێزگاکانی عێراق و یاسا بەرکارەکان و بە پشتبەستن بووە بە ژمارەی دانیشتووان، چونکە ئێمە تۆماری هەموو دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان و وردەکارییەکانمان لایە."
 
سەبارەت بە کاریگەریی ئەو پێشبینیازەی کردوویانە بۆ دادگەی باڵای فیدڕاڵی، کە ئەمڕۆ سکاڵایەکی تایبەت بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی بۆ رۆژی 27ی ئەم مانگە دواخست، لەسەر پارێزگاکان، گوتی، "تۆماری دەنگدەران و تۆماری بایۆمەتری بەپێی پارێزگاکان دابەشکراون و هەر بڕیارێکمان پێبگات ئێمە جێبەجێی دەکەین، بەتایبەت بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی، کە هەمووان بە جێبەجێکردنی پابەندن."
 
لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیشەوە، کە بڕیارە رۆژی 25ی شوباتی 2024 بکرێت، گوتی، "چەندین رێکارمان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان گرتوونەتەبەر، بابەتەکە پەیوەستە بە دابینکردنی بودجە، کە بڕی 70 ملیار دینارە، ئێمە چەندین سیستممان تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەیە، لەوانە سیستمی چاودێریکردنی هەڵبژاردن و بەشداریی دەزگاکانی میدیایی و شتی دیکەش."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق گوتی، "بەردەوامین لە رێکارەکانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە وادەی خۆیدا، کە 18-12-2023یە، ئەو کارتانەی بایۆمەتری کە وەریگرتوون نزیکەی دوو ملیۆنە و نزیکەی 600 هەزار کارتی دابەشکردوون، چونکە کۆمیسیۆن نامەی مۆبایلی ناردووە بۆ ئەو کەسانەی تۆماری خۆیان نوێکردووەتەوە و کارتی بایۆمەترییان دەرهێناوە، بۆیە خەڵکێکی زۆر سەردانی نووسینگەکانمان دەکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان."
 
ئەوەشی گوت، دواتر ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیار لەبارەی ئەو کارتانەوە دەدات کە خاوەکانیان ناچنەوە بۆ وەرگرتنی. دەشڵێت، "بە دڵنیاییەوە ئەو کارتانە لەلای کۆمیسیۆن دەمێننەوە، بەڵام وادەی وەرگرتنەوە و کشاندنەوەی بۆ نووسینگەی نیشتمانی رۆژێک بۆ سێ رۆژ پێش هەڵبژاردن دەبێت."
 
سەبارەت بە ئامادەکارییەکانیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق رایگەیاند، "تەواو ئامادەین و هەموو ئامادەکارییەکانمان بۆ هەڵبژاردن تەواو کردووە، چەند رۆژی داهاتوو دوایین تاقیکردنەوەی کۆمیسیۆن بۆ ئامادەکاریی هەڵبژاردن دەکەین، ئەو بابەتە لەدوای پەسندکردنی بەربژێران و لیستی بەربژێران کۆتاییهاتووە و داخراوە."
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان زیاتر لە 17 ملیۆن کاخەزی دەنگدانی چاپ کردووە بۆ زیاتر لە 16 ملیۆن کەس کە دەنگدەران و تۆماری بایۆمەترییان هەیە و دەتوانن دەنگ بدەن، ئەوە بەشێکی دیکەیە لە قسەکانی گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان؛ زیاتر لەسەر ئەو کاخەزانە وەستا و گوتی، "ئەو کاخەزانە تایبەتن، لە دەرەوەی عێراق چاپ کراون و هەموو بارکۆد و ژمارەی نهێنی و تایبەتییان لەسەرە؛ وردەکاریی زۆری تێدایە، بۆیە ئەو کاخەزانە گەیشتوونەتە کۆمیسیۆن و لە رێگەی فڕۆکەخانەکانەوە هاتوونەتە عێراق و بە ئامادەبوونی تیمی ئەمنیی تایبەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان وەرگیراون."
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەڵێت، هەڵبژاردن هیچ بنکەیەکی دەنگدان لە دەرەوەی عێراق ناکرێتەوە، "هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق تەنیا لەنێوخۆی عێراق دەکرێت، ئەگەر کەسێک هەبێت لە عێراق بێت و تۆماری نوێکردبێتەوە و کارتی بایۆمەتریی وەرگرتبێتەوە، دەتوانێت بەشداری لە هەڵبژاردن بکات."
 
لەبارەی کشانەوەی بەربژێران و گواستنەوەی حیزب و پارتەکانیان و وازهێنان لە فراکسیۆن و حیزبێکەوە بۆ نێو حیزبێکی دیکە، گوتی، "کاخەزی دەنگدان چاپ کراون، هەموو کارەکانی تەواو بوون، نابێت هیچ بەربژێرێک بکێشێتەوە یان بەربژێرێک لە فراکسیۆنێکەوە بۆ فراکسیۆنێک یان لە پارتێکەوە بۆ پارتێکی دیکە بڕوات، بۆیە گواستنەوەی بەربژێران لە حیزبێک بۆ حیزبێکی دیکە بەهیچ شێوەیەک نییە."
 
سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی بەربژێران، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق روونیدەکاتەوە، "زیاتر لە 500 پێشێلکاریمان لە هەموو پارێزگاکان تۆمارکردووە، زیاتر لە 300 پێشێلکاریی لابراون دوای ئەوەی لەگەڵ بەربژیران پەیوەندیی کراوە."
 
بڕیارە لە رۆژی 18-12-2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، جگە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پێنج هەزار و 904 کەس خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەربژێر کردووە، کە رکابەری لەسەر 285 کورسی دەکەن.
 
لەو بەربژێرانە 4 هەزار و 242یان لە رەگەزی نێرن، واتە 71.8٪ـی کۆی بەربژێران. هەروەها هەزار و 662شیان لە رەگەزی مێن، واتە 28.1٪ـی بەربژێران، بەو پێیە هەر کورسییەکی ئەنجوومەنی پارێزگا زیاتر لە 20 بەربژێری بەردەکەوێت.