دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن دۆسیەی هەڵوەشاندنەوەی پارتەکەی محەممەد حەلبووسی دەگەڕێنێتەوە

03-12-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراق داوایەکی فەرمانگەی کاروباری پارت و رێکخراوە سیاسییەکانی کۆمیسیۆن تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی پارتی تەقەدوم کە محەممەد حەلبووسی سەرۆکایەتیی دەکات رەت دەکاتەوە و دۆسیەکەیان بۆ دەنێرێتەوە و پێیان دەڵێت، "رەچاوی رێکارە یاساییە دروستەکان لە پێشکێشکردنی داواکاریی هەڵوەشاندنەوەی پارتی سیاسی بکەن". 
 
بەپێی نووسراوێکی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە لە لایەن دادوەر حەسەن فوئاد، سەرۆکی دەستەکەوە ئەمڕۆ یەکشەممە، 3-12-2023 واژۆکراوە و رەوانەی فەرمانگەی کاروباری پارت و رێکخراوە سیاسییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کراوە، دەبێت ئەو فەرمانگەیە رێکارەکان بگرێتەبەر لە داواکارییەکەی بۆ بابەتی هەڵوەشاندنەوەی پارتی تەقەدوم.
 
لە نووسراوەکەدا هاتووە، "بە ئاماژەکردن بە نووسراوتان ژمارە (ش. ح. خ/3015) لە 29-11-2023 و هاوپێچەکان لە سکاڵا پیشکێشکراوەکانی دژی پارتی تەقەدوم کە تێیدا هەڵوەشاندنەوەی پارتەکە لەسەر بنچینەی بڕگەی 1ـی خاڵی یەکەمی مادەی 32ی یاسای پارتی سیاسییەکان ژمارە 36ـی ساڵی 2015 هاتووە کە رێگە بە هەڵوەشاندنەوەی پارتی سیاسی بە پشتبەستن بە بڕیاری دادگەی (دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان) بە پشتبەستن بە هۆکارێک لەلایەن فەرمانگەی حیزبەکانەوە پێشکێش دەکرێت، فەرمانگەکەتان ئەو دۆسیەی بە پێچەوانەی بڕگەی 1ـی خاڵی یەکەمی مادەی 32ـی یاسای پارتی سیاسییەکان ناردووە".
 
سەبارەت بە هۆکاری ناردنەوەی دۆسیەکە بۆ فەرمانگەی پارت و رێکخراوە سیاسییەکانی کۆمیسیۆن، دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان دەڵێت، "دەبوو دوای تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە سکاڵا پێشکێشکراوەکان دژی پارتی تەقەدوم و بەپێی تایبەتمەندێتییەکانی هاتوو لە (بڕگەی یەکەمی خاڵی دووەمی مادەی 17)ـی یاسای پارتە سیاسییەکان، ئەگەر هۆکار دۆزرایەوە کە دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی حیزب وەکوئەوەی لە خاڵی 1ـی بڕگەی یەکەمی مادەی 32ـی یاسای حیزبەکاندا هاتووە، دەبێت فەرمانگەکەتان هۆکارەکانی ئەو داخستنە پێشکێش بەو دەستەیە بکات کە هەڵوەشاندنەوەی پارتەکەی تێدا بێت و هاوپێچ بە داواکارییەکان بەو بەڵگەنامە و دۆکیۆمێنتانەی کە پشتیوانی داواکارییەکە دەکەن لەگەڵ هۆکارە یاساییەکانی، بەپێچەوانەی ئەوەوە، فەرمانگەکە بڕیاری خۆی دەردەکات بە رەتکردنەوەی ئەو سکاڵایانەی دژی پارتەکە پێشکێشکراون؛ بۆیە دۆسییەکەتان لەبارەی بابەتی سکاڵا تایبەتەکان بە هەڵوەشاندنەوەی پارتی تەقەدووم بۆ دەنێرینەوە لەپێناو رەچاوکردنی رێکارە یاساییەکانی دروست لە پێشکێشکردنی داواکاریی هەڵوەشاندنەوەی پارتی سیاسی".
 
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رۆژی 3-12-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان داواکارییەکەی فەرمانگەی پارت و رێکخراوە سیاسییەکانی بە تەواوی رەتنەکردووەتەوە، بەڵکو داوای کردووە رێکاری زیاتر بگیرێتەبەر و بابەتەکە بە رێڕەوە یاساییەکانیدا بڕوات".
 
دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن لە سێ دادوەر پێکدێت و سەر بە دادگەی تەمیزی فیدراڵییە و کاریان بڕیاردان و یەکلاییکردنەوەی دۆسییە قورسەکانە. 
 
هەریەکە لە پەرلەمانتاران باسم خەشان، فارس تەها فارس، عەبدولستار عادل عەبدولستار، حەیدەر نووری سادق مەلا، سوهەیب ئیسماعیل مەحموود و مستەفا مۆفەق جاسم سکاڵایان لەسەر محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدوم تۆمارکردووە و داوای هەڵوەشاندنەوەی پارتەکەی دەکەن، لەبەرئەوەی  گوایە "گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای (BGR)ی ئەمریکی کردووە، پارەی بۆ ناردووە بێ ئاگاداری و رەزامەندی فەرمانگەی کاروباری پارت و رێکخراوە سیاسییەکان کە بڕی پارەکەش زۆر بوو."
 
رۆژی 30-11-2023 محەممەد حەلبووسی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "عێراق جێناهێڵم. هەر لە عێراق دەمێنمەوە و هەر کاتێک دادگە بانگهێشتم بکات، دەچم و ئامادەی دادگەییکردن دەبم. پێشتر ئەزموونی هاوشێوە هەبوو، هەر کێشەیەکی سیاسیی هەبووایە، ئەو کەسە عێراقی جێدەهێشت و لە دەرەوەی وڵات.. هیچ شتێکی شاراوەمان نییە، دڵنیاین لە رێکار و کارەکانمان. خۆم زۆر رێز لە یاسا دەگرم ..بۆیە من لەنێو کەسوکار و گەل و جەماوەرەکەمدا دەمێنمەوە و هەر کاتێک دادگە بانگهێشتم بکات، ئامادە دەبم".
 

 

 

 

 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت