ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق: دەبێت کۆتایی بە پۆستی پارێزگارە بەوەکالەتەکان بهێندرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، دەبێت لەدوای 30ی تشرینى دووەمى 2023وە، هاوشێوەی بریکارەکانی وەزارەت، کۆتایی بە دەسەڵاتی پارێزگارە بەوەکالەتەکانیش بهێندرێت. ئاماژە بەوەش دەکات، "ناکۆکییەکانی نێوماڵی کورد گوێزراونەتەوە بۆ بەغدا و بەو هۆیەوە ژمارەیەک پۆستی کورد بە بەتاڵی ماونەتەوە."
دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق رۆژی 02-12-2023 لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کۆڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە دڵدار هەرکی و رێبوار عەلی پێشکێشیان کرد، رایگەیاند، "بەشێکی زۆری پۆستی راوێژکارانی ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمان؛ هەروەها بریکاری وەزارەتەکانی عێراق لە ساڵی 2008ـەوە بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێن. هەموو پێکهاتەکانی عێراق خاوەنی پۆستی بەوەکالەتن و پرسەکە تەنیا پەیوەندیی بە یەک نەتەوەی دیاریکراوەوە نییە."
30ی تشرینى دووەمى 2023 بەشێک لە وەزارەتەکانى عێراق دەسەڵاتیان لەو پۆستە پلە باڵایانەی وەزارەتەکانیان وەرگرتەوە کە بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێن، کە لە بەڕێوەبەری گشتی و بریکاری وەزیر پێکهاتوون، ئەوەش بە گوێرەى مادەى 71ى یاساى بودجەى عێراق کە حکومەتى پابەند کردووە کۆتایی بە پۆستى بەوەکالەت بهێنێت، لە کاتێکدا لە ساڵى 2017ـەوە راکان جبوورى، پارێزگارى کەرکووک بەوەکالەت ئەو پۆستە بەڕێوە دەبات.
ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "لەڕووی یاساییەوە دەبێت پارێزگارەکان لە ئەنجوومەنی پارێزگاکانەوە متمانەیان پێ بدرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە عێراق ئەنجوومەنی پارێزگاکان هەڵوەشاوەتەوە، ئیدی لە دەسەڵاتی سەرۆکوەزیرانی عێراقدایە پارێزگار بە وەکالەت دابنێت یان دووربخاتەوە."
دارا سێکانیانی گوتیشی، بەگوێرەی مادەی 71ـی نێو بودجە، دەبێت لەدوای 30ـی تشرینی دووەمی 2023ـەوە بڕیاری کۆتاییهێنان بە پۆستە بەوەکالەتەکان لەسەر پارێزگارە بەوەکالەتەکانیش جێبەجێ بکرێت، چونکە ئەوانیش پلەیان بریکاری وەزیرە.
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، "ناکۆکییەکانی نێوماڵی کورد، پەرتەوازەیی و فرە دەنگییان گوێزراوەتەوە بۆ بەغدا. ئەوەش سەنگ و پێگەی کوردی لە عێراق لاواز کردووە و بەو هۆیەوە نەتوانراوە هەموو ئەو پۆستانەی لە پشکی کوردن پڕبکرێنەوە؛ ناکۆکییەکان کاریگەرییان هەبووە کە ژمارەیەک پۆست بە بەتاڵی بمێننەوە."