لە سێ رۆژدا 2000 فڕۆکە هاتوونەتە ئاسمانی عێراق

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایدەگەیێنێت، لە سێ رۆژدا 2077 فڕۆکە لە عێراق نیشتوونەتەوە، یاخود بە ئاسمانەکەیدا تێپەڕیون.
 
فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بریتین لە هەولێر، سلێمانی، کەرکووک، بەغدا، نەجەف و بەسرە. بڕیارە ساڵی داهاتوو فڕۆکەخانەکانی موسڵ، کەربەلا و ناسریەش بکرێنەوە.
 
مەیسەم سافی، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی وەزیری گواستنەوەی عێراق، رۆژی یەکشەممە 03-11-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە 30-10 تاوەکو 01-11-2024 لە سێ رۆژدا 2077 فڕۆکە لە عێراق نیشتوونەتەوە، یاخود بە ئاسمانەکەیدا تێپەڕیون.
 
بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی وەزیری گواستنەوەی عێراق روونیکردەوە، چوارشەممە 597 فڕۆکە. پێنجشەممە 806 و هەینی 674 فڕۆکە نیشتوونەتەوە یان تێپەڕیون.
 
مەیسەم سافی دەڵێت، دیارترین کۆمپانیاکانی هێڵی فڕۆکەوانی کە لە فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەنیشنەوە، وەک لەهێڵەکانی ئاسمانی وڵاتانی کەنەدا، قەتەریە، ئیماراتی، عەرەبییە بۆ فڕۆکەوانیی، فلای ناس، لەگەڵ کۆمپانیا تورکییەکان و لوبنانی و ئەجنیحە شامی سووری و کۆمپانیا ئێرانییەکان. 
 
بەگوتەی سافی، "چەندین کۆمپانیا، ئاسمانی عێراق بۆ تێپەڕبوون بەکاردەهێنن، ئاسمانی عێراق یەکێکە لە باشترین ئاسمانەکان، عێراق وەک خاڵی پەیوەندیی کورتکراوە بەکاردەهێنن بۆ رۆژهەڵات، رۆژئاوا، باکوور و باشوور".
 
رۆژی 18-10-2020، حەسەن شبلی، وەزیری ئەو کاتەی گواستنەوەی عێراق گوتی، کرێی تێپەڕبوونی هەر فڕۆکەیەک بە ئاسمانی عێراق 450 دۆلارە.