وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ رووداو: هیچ گەنجێکی زیقار لە ئیجەدا نەخنکاوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی عێراق و تەندروستیی زیقار، رەتیدەکەنەوە هیچ گەنجێکی پارێزگای زیقار لە ئاوی ئیجە بەهۆی ژێرئاوکەوتنی یەختەکەیانەوە خنکابێت.
ئەمە لەکاتێکدایە لە بەشێکی میدیاکانی عێراق، هەواڵی ژێرئاوکەوتنی یەختێک لە دەریای ئیجە لە نزیک یۆنان بڵاوکرایەوە، کە باس لەوە دەکەن 4 گەنجی خەڵکی ناسریەی ناوەندی پارێزگای زیقار گیانیان لەدەستداوە و 15ـی دیکە بێسەرشوێنن.
عومەر بەرزنجی، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەدواداچوونی زۆری بۆ ئەو بابەتە کردووە لە رێگەی باڵیۆزخانەی عێراق لە یۆنان و کۆنسووڵی گشتیی عێراق لە ئیستەنبووڵ هەروەها چەند لایەنێکی دیکە و دەرکەوتووە "ئەو هەواڵە راست نییە."
موئەیەد ساڵح، باڵیۆزی عێراق لە یۆنان بە رووداوی گوت "پەیوەندیمان بە هەرسێ پارێزگا سنوورییەکەی یۆنان کردووە، لە ماوەی ئەم مانگەدا هیچ عێراقییەک نییە شوێنبزر بووبێت."
باڵیۆزی عێراق لە یۆنان دەشڵێت "لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، بەرگریی شارستانی، هێزەکانی پاسەوانی سنوور و هێزی پێنجەم قسەمان کردووە، هەموویان جەخت لەوەدەکەنەوە؛ خنکانی هیچ کەسێکی عێراقی و کەسی دیکەیان تۆمار نەکردووە."
هەر لەوبارەوە، دکتۆر محەممەد کشاش، بەڕێوەبەری بەشی تەندروستیی گشتیی لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی پارێزگای زیقار، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 03-11-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تاوەکو ئێستا، هیچ هەواڵێکی لەم شێوەیان پێنەگەیشتووە و ئاگادارنین.
میدیای تورکیا رۆژی پێنجشەممە 31 -10-2024 بڵاویکردبووەوە، لە شاری موغلا کە دەکەوێتە ناوچەی ئیجە، یەختێکی کۆچبەران بە 16 کۆچبەرەوە تووشی رووداوێک بووە، 4 کۆچبەر بریندار بوون و گوێزراونەتەوە نەخۆشخانە، هەروەها دوو قاچاخچی کە لەنێو یەختەکەدا بوون، دەستگیرکراون، بەڵام زانیاریی لەبارەی ناسنامەی کۆچبەرەکان نەدابوو.