رووداو دیجیتاڵ
چەند ناوچەیەکی شاری بەغدا ژێرئاو کەوتن و بەهۆیەوە کرایە پشوو. کەشناسیی و بوومەلەرزانیی عێراق هۆشداری لە دروستبوونی لافاو لە هەرێمی کوردستان دەدات.
شەوی رابردوو و بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 3-11-2024) بارانی بەلێزمە بەغدای پایتەختی عێراقی گرتەوە، لە بەشێکی گەڕەکان لافاو دروست بوو و ئاو چووەتە نێو بەشێكی ماڵەکانەوە.
لە هەندێک شوێن گرفتی بۆ هاتووچۆ دروستکرد. لەوانە ناوچەکانی مەنسوور، ئەعزەمییە، بەلەدیات و توونێلی مەشتەل. بەهۆیەوە پارێزگاری بەغدا ئەمڕۆی کردە پشوو.
جگە لە بەغدا، لە بەشێک لە پارێزگاکانی ئەنبار، سەلاحەدین، دیالە و کەرکووک لافاو دروستبووە، هەروەها لە قەزای حەویجە لە دوو رووداوی جیاوازدا دوو کەس ئاو بردوونی و گیانیان لەدەستداوە.
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ کەشوهەوای بەغدا ئاسایی دەبێتەوە؛ بەڵام لە پارێزگاکانی دیالە، واست و میسان باران بەردەوام دەبێت.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزانیی عێراق دەڵێت، ئەمڕۆ و سبەی (دووشەممە) بارانی مامناوەند و بەلێزمە دەبێت، بەتایبەتی لە پارێزگای سلێمانی.
عامر جابری، هۆشداری دەدات لە دروستبوونی لافاو لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی سنووری رۆژهەڵاتی عێراق کە بریتین لە دیالە، واست و میسان کە نزیکن لە ئێرانەوە.
بەهۆی باران و وەکو رێوشوێنێکی خۆپارێزی لەو شەپۆلە بەهێزەی چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ بەشێکی ناوچەکان بگرێتەوە، ئەمڕۆ لە بەشێکی پارێزگەکان دەوامی قوتابخانەکان کراوەتە پشوو، لەوانەش کەرکووک، نەینەوا، دیالە، سەلاحەدین، ئەنبار، زیقار و میسان لەگەڵ چەند شوێنێکی هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ