یەکەم ئەزموونى بیمەى تەندروستى لە بەغدا دەستپێدەکات
رووداو دیجیتاڵ
یەكەم ئەزموونى کارکردن بە بیمەى تەندروستى لە بەغدا دەستپێدەکات، کە 300 هەزار کەس دەگرێتەوە و لەو سیستمە تۆمارکراون، پرۆسەکە ماوەی شەش مانگ بەردەوام دەبێت.
رۆژی 3ـی تشرینى دووەمى 2023، د.ئیهاب عەبدولکەریم، گوتەبێژى دەستەى بیمەى تەندروستى لە وەزارەتى تەندروستیى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، رۆژى یەکشەممەى داهاتوو، یەکەم ئەزموونى بیمەى تەندروستى لە عێراق دەستپێدەکات کە لە 20 بنکەى تەندروستى نەخۆشخانەى بەغداى پایتەخت دەبێت و ئەو کەسانەى کە فۆڕمى بیمەى تەندروستییان پڕکردووتەوە سەردانى ئەو بنکە و نەخۆشخانانە دەکەن بۆ ئەوەى لەسەر بنەماى بیمەکە چارەسەر وەربگرن.
ئەزموونکردنی پرۆسەکە بە گوێرەی یاساکە کە لە ساڵی 2020 لە پەرلەمانی عێراق بە ناوی یاسای بیمەی تەندروستی دەرچووە.
گوتەبێژى دەستەى بیمەى تەندروستى لە وەزارەتى تەندروستیى عێراق ئاشکرایکرد، ئەم قۆناخەى ئەزموونکردن لە بەغدا ماوەى شەش مانگ دەخایەنێت و 300 هەزار کەس دەگرێتەوە، کە لە بیمەى تەندروستى تۆمار کراون. دواى تەواوبوونى ئەو ئەزموونە لەپارێزگاکانى دیکە ئەو سیستمە پەیڕەو دەکرێت.
بەگوێرەى یاساکە، ئامانج لە بیمەی تەندروستی کەمکردنەوەى قورسایی دارایی سەرشانى هاووڵاتییانە لە تێچووى چارەسەرى تەندروستى لە بەرامبەر بەشداریکردنى لە بیمەکەدا و لەهەمان کاتیشدا سەرچاوەى داهاتى وەزارەتى تەندروستى زیاتر دەکات.
ئەو پارەیەى لە فەرمانبەران، کارمەندانى کەرتى تایبەت و هاووڵاتییان وەردەگیرێت بۆ بەشدارى لە پڕۆژەی بیمەکە لە 10 هەزار دینار دەستپێدەکات. بڕى لێبڕینى مانگانەش بۆ ئەو بیمەیە لە فەرمانبەران و کارمەندانى کەرتى تایبەت لەنێوان 1% بۆ 2.5%ـى مووچەکەى دەبێت.