حەشدی شەعبی لەبارەی حاڵەتی ئامادەباشییانەوە: ئێمە لەژێر دەسەڵاتى فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانداین

رووداو دیجیتاڵ 

لە کۆبوونەوەیەکى سەرۆک ئەرکانى دەستەى حەشدی شەعبیدا وەک لە گرتە ڤیدیۆیەکدا دەردەکەوێت، بڕیارى بارى ئامادەباشی بۆ هێزەکانیان دەدرێت، بەڵام دەستەکە دەرکردنى نووسراو بۆ ئەو بارى ئامادەباشیە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "ئێمە لەژێر دەسەڵاتى فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانداین."
 
رۆژی 2ـی تشرینى دووەمى 2023، عەبدولعەزیز مەحمەداوى ناسراو بە ئەبو فەدەک، سەرۆک ئەرکانى حەشدى شەعبی لە تۆڕى کۆمەڵایەتى ئێکس(توویتەری پێشوو) دیمەنى کۆبوونەوەیەکى دەستەى حەشدی شەعبی بڵاوکردەوە کە تێیدا فەرمان دەدات بەوەى کە لە رۆژی پێنجشەممەوە هێزەکانیان دەکەونە بارى ئامادەباشییەوە.
 
لە دیمەنەکەدا ئەبو فەدەک، کە سەرۆکایەتیى کۆبوونەوەکەى کردووە دەڵێت، "حەشدی شەعبی دەچێتە بارى ئامادەباشییەوە، کە لە رۆژى پێنجشەممەوە دەستپێدەکات". ئاماژەى بەوەشداوە کە دۆخى هەرێمایەتى ئاماژەیە بۆ ئەوەى کە لەبەردەم جەنگدان.
 
سەرۆک ئەرکانى حەشدی شەعبی دەڵێت، "بە قۆناخێکى قورس و هەستیاردا تێپەڕ دەبین، لەو دۆخەى کە وڵات و ناوچەکە پێیدا تێپەڕ دەبێت سەت لەسەت پشت بەوە دەبەستێت کە لەسەرى رێکدەکەوین."
 
لەدواى بڵاوبوونەوەى ئەو دیمەنە، دەستەى حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، نووسراوەکەی ئەو دەستەیە ساختەیە کە لەبارەى بڕیارى ئامادەباشییەوە بڵاوکراوەتەوە. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا دەستەکە ئاماژە بەوە دەکات کە "ئەو بەیاننامەیە ساختەیە و بەدرۆى دەخەینەوە، لەگەڵ هەر هەڵوێستێک کە بەناوى دەستەى حەشدی شەعبی دەنوێندرێت. جەخت دەکەینەوە دەستەکە لە ژێر دەسەڵاتى فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکان و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانە و دەسەڵاتى ئەوەى نییە کە هیچ هەڵوێستێک یان لێدوانێک بدات."
 
حەشدی شەعبی لە ساڵی 2014 بە فەتوایەکی  عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی شیعەکان دوای گرتنی مووسڵ لەلایەن چەکدارانی داعش لە حوزەیرانی 2014 دامەرزا. حەشد ژمارەیەک گرووپی چەکدارن و بەفەرمی سەر بە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقن، بەڵام بەشێکیان پابەندی بڕیارەکانی ئەنجوومەنەکە و سەرۆکوەزیرانیش نابن و لە وڵات و شوێنی دیکەوە فەرمان وەردەگرن، زۆرجار بە هۆکاری "پشێوی نانەوە" تۆمەتباردەکرێن وەکو ئەوەی بەشێک لەو گرووپانە ناوە ناوە هێرش دەکەنە سەر هێزە  بیانییەکان بە تایبەتی لە هەولێر، بەغدا و ئەنبار.
 
لەساڵی 2016 حەشدی شەعبی لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە وەکو هێزێکی چەکدار ناسێنرا و لە پاڵ سوپای عێراق بووەتە هێزێکی فەرمی.