بە ئامادەبوونی بووک و زاواکەی حەمدانیە 8 تەرمی دیکە بەخاک سپێردران


رووداو دیجیتاڵ

لە سەرەتای ئەم ڤیتییەدا چیرۆکێکی خەمناک دەبینن؛ کچێک سەری لەسەر تابووتی باوکی داناوە و بەکوڵ بۆی دەگری، لە تەنیشت تابووتی باوکی، تەرمی خوشکێکی دانراوە و دەستێکی لەسەر داناوە. تەندروستیی نەینەوا دەڵێت، لە رووداوەکەی حەمدانیەدا 113 کەس گیانیان لەدەستداوە، 41 تەرم ناناسرێنەوە و هەشت تەرمیش پارچە پارچە بوون.
 
ئەمڕۆ لە گەڕی حەوتەمی بەخاک سپاردنی تەرمی قوربانییەکان، لە کەنیسەی حەمدانیە دوای تەواوبوونی رێوڕەسمەکان، تەرمی 8 کەسی دیکەیش لە قوربانییانی رووداوی ئاگرکەوتنەوەی هۆڵی زەماوەندەکەی حەمدانیە بەرەو گۆڕستان بران و بە ئامادەبوونی هەزاران کەس، بەخاک سپێردران.
 
رونی سالم، قەشەی کەنیسەی تاهیرەی گەورە لە حەمدانیە بە رووداوی گوت، "لەوێ [لە کاتی ئاهەنگەکەدا] خەڵک دڵخۆش بوون و بۆ ئاهەنگ کۆببوونەوە. ئەمانە هەموویان شەهیدن. ئەم خەڵکە بێ تاوانە، هەموویان هیچ گوناهیان نییە."
 
کەسوکاری قوربانییەکان بە گریان و لەخۆدانەوە لەگەڵ تەرمی ئازیزانیان بە ئامادەبوونی هەزاران کەس چوونە گۆڕستان. بووک و زاوا لەنێو ئەو کەسانە بوون و زاوا تووند دەستی بووکی گرتبوو و، بووکیش بە کوڵ بۆ لەدەستدانی ئازیزانی دەگریا.
 
سەمیر حازم، باوکی یەکێک لە قوربانییەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەنێو هۆڵەکە بووین، لە ماوەی 15 خولەکدا هۆڵەکە بەتەواوی سووتا و بووە خەڵووز، هیچ شتێک نەما، بەنزینیشت پێدا کردبا، ئاوها نەدەسووتا. دەمانەوێ بزانین کێ ئەم تاوانەی کردووە."
 
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی نەینەوا، تاوەکو ئێستا 113 کەس گیانیان لەدەستداوە کە تەرمی 41 کەسیان ناناسرێتەوە و هەشت تەرمیش پارچە پارچە بوون.