وردەکاریی کوشتن و سووتاندنی شەش ئەندامی خێزانێک لە بابل

03-10-2023
ئەنمار غازی
شوێنی رووداوەکە.
شوێنی رووداوەکە.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

خێزانێكی شەش کەسی لە ناحیەی میدحەتییە لە پارێزگای بابل، بە گوتەی کەسوکاریان کاتێك کە لە خەودا بوون بە چەقۆ کوژراون پاشان تەرمەکانیان سووتێندراوە.
 
ئەو بێدەنگییەی کە لەوێیە، رەنگدانەوەی دڵ و دروونی دانیشتووانی ئەو شوێنە نییە، بەڵکو شۆکی رووداوێکە کە بەرۆکی هەمووانی گرتووە.
 
ئەحمەد دۆشان، کەسوکاری قوربانییانە و دەڵێت، "سەرەتا کوشتن و پاشان سووتاندن، ئەم کارە درەنگی شەو کراوە خاوەن ماڵ پیاوێكی بێ کێشە بوو، پەیوەندی باشیشی لەگەڵ ژن و منداڵەکانی هەبوو، دەچووە سەر کار و دەگەڕایەوە ماڵەکەی و زیانی بە هیچ کەس نەدەگەیاند."
 
مورتەزا عەجاج، کەسوکارێکی دیکەی قوربانییانە و بەمشێوەیە رووداوەکە دەگێڕێتەوە: "بەیانی بوو لە ماڵ خەوتبووم، ئامۆزاکەم هات و گوتی ماڵی خوشکەکەت ئاگری گرتووە و دەسووتێت، چوومە ئەوێ و بینیم دەرگاکان داخراون و پڕ لە دووکەڵ بووە، چووینە ژووروە و بینیمان ژووری نووستنەکە سووتابوو و ژووری دووەمی نووستنەکەش سووتابوو، بەڵام ژووری میوانەکە ئاگری تێدا نەبوو و پاشان بینیم هاوژینی خوشکەکەم بە چەقۆ لە ملی درابوو و بەشێك لە جەستەی سووتابوو، دڵنیابووینەوە کە رووداو نەبووە و بە دەستی کەسێك کراوە."
 
قەمەری تەمەن 9 ساڵان تاکە رزگاربووی رووداوەکەیە، شەوی رووداوەکە لە ماڵی باپیری بووە، باپیری داوا لە حکومەت دەکات سزای بکوژانی کچ و هاوژین و چوار نەوەکانی بدات.
 
مەقتوف عەجاج، کەسوکاری قوربانییانە و ئاماژە بەوە دەکات، "کچەکەم شەو لەگەڵ چوار منداڵەکەی لە ماڵی من بوون، نزیکەی کاژێر 11:00ی شەو خۆی و سێ منداڵی گەڕانەوە ماڵی خۆیان و تەنیا کوڕە گەورەکەی لای من مایەوە، رووداوەکە روویدا و هەموویان لەوێ سووتان."
 
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە، بەهۆی بەردەوامبوونی لێکۆڵینەوەکان، تەرمی قوربانییان بە خاکنەسپێردراون، بەڵکو نێردراونەتە پزیشکی دادی بەغدا بەمەبەستی گرتنەبەری رێکاری پێویست.
 
کوژران و سووتاندنی خێزانێكی تەواو، دانیشتووانی  ناوچەکەی تووشی شۆکێکی گەورە کردووە؛ ئەوان داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن لێکۆڵینەوە بکەن و سزای تاوانباران بدەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە