کۆمیسیۆن: سیستەمی بایۆمەتری رێگەنادات ناوی مردوو بۆ دەنگدان بێتەوە


رووداو رادیۆ

لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا هەندێک کەس ناویان بۆ دەنگدان دەهاتەوە کە مردبوون. بۆ ئەم هەڵبژاردنە بەرپرسی هونەریی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش رایدەگەیێنێت کە کارتی بایۆمەتری ناهێڵێت ناوی مردوو بۆ دەنگدان بێتەوە.
 
بۆتان شێرکۆ جاف، بەرپرسی هونەریی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی رێککەوتووین ناوی مردووانمان لێ وەرگرتوون. هەرکەسێکیش لە ساڵی 2013ەوە تاوەکو 2021 کارتی دەنگدانی وەرنەگرتبێتەوە یان مردبێت، ناوی بۆ دەنگدان سڕاوەتەوە. بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دەنگدان بە کارتی بایۆمەتری دەبێت و کارتی کورتخایەن (ئەوەی بایۆمەتری نییە) نامێنێت. بۆیە بایۆمەتری ناهێڵێت ناوی مردوو بۆ دەنگدان بێتەوە."
 
لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا سیستەمی فرەبازنەیی پەیڕەوکراوە و ژمارەی بازنەکان زیادیانکردووە، پارێزگای هەولێر کراوە بە چوار بازنەوە و بەربژێرەکان رکابەری لەسەر 15 کورسی دەکەن کە چواریان بۆ کۆتای ئافرەتانن.
 
ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن گوتی: "لە سنووری پارێزگای هەولێر تاوەکو ئێستا بانگەشەی هەڵبژاردن بە ئارامی دەکرێت. کەمێک ناڕەزایەتی هەیە، بەڵام نەبووەتە مایەی ئەوەی سکاڵا تۆمار بکرێت. بۆیە تاوەکو ئێستا هیچ سکاڵایەک تۆمار نەکراوە. هەندێک سەرپێچی لە نووسینگەی نیشتمانی تۆمار کراون کە ئەنجامەکان گەڕاونەتەوە بە بەربژێرەکان دراونەتەوە کە تایبەتن بە جێبەجێکردنی رێنماییەکانی کۆمیسیۆن بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن. لەو 52 بەربژێرەی لە سنووری پارێزگای هەولێریش هیچ کامیان نەکشاونەتەوە."
 
بۆتان شێرکۆ جاف ئاماژەی بەوە دا کە ئەوان تا رۆژی 2021/10/05 لە دابەشکردنی کارتی دەنگدان بەسەر دەنگدەراندا بەردەوام دەبن. لە دوای ئەوە هەموو کارتەکان کۆدەکەنەوە و دەیاندەنە کۆگەکانی نووسینگەی نیشتمانی لە بەغدا و، زیاتر لە 817 هەزار کارتی دەنگدان دابەشکراون و نزیکەی 70 هەزار کارتی دەنگدانیش لە بنکەکاندا ماوە.
 
لەبارەی ئەوەی کۆمیسیۆن بەرامبەر بە وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدان پارە بە هاووڵاتییان دەدات، بەرپرسی هونەریی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆن گوتی: "منیش وەکو تۆ ئەوەم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بینیوە. هیچ شتێکی فەرمی لەو بارەیەوە نییە و هیچمان بۆ نەهاتووە."
 
هەموو هەڵبژاردنێک ژمارەیەکی زۆر لە کەسانی سەربەخۆ و لایەنەکان و بیانی دەبنە چاودێر و رەوشی هەڵبژاردنەکە هەڵدەسەنگێنن و راپۆرتی لەبارەوە دەنووسن.
 
بۆتان شێرکۆ جاف گوتی: "تاوەکو ئێستا 118 باجی راگەیاندن و 48 باجی چاودێری ناوخۆیشمان دابەش کردووە. بۆ چاودێری لایەنەکانیش 684 باجمان دابەش کردووە. ئێمە تەنیا چاودێرە ناوخۆییەکان تۆمار دەکەین و، چاودێرە بیانییەکان لە دەستەی هەرێم تۆمار دەکرێن."
 
لە پارێزگای هەولێر ملیۆنێک و 238 هەزار و 379 کەس مافی دەنگدانیان هەیە و 212 بەربژێر لە کۆی چوار بازنە خۆیان پاڵاوتووە.