حکومەتی عێراق پارەی حەشدی شەعبی زیاد کرد
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا پارەی هێزەکانی حەشدی شەعبی زیاد بکرێت. هاوکات بڕیاری زیادکردنی پارەی پرۆژەکانی دروستکردنی رێگەی قەرەتەپە - ئۆمەرمەندان و چوارڕیانی رێگەی بەغدا - کەرکووکی دەرکرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 03-09-2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاریدا پارەی دەستەی حەشدی شەعبی بۆ ساڵی 2024 زیاد بکرێت، ئەوەش بۆ گەرەنتیکردنی پارەی مووچەی کارمەندانی حەشدی شەعبی و دەرماڵەکانیان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیراندا 367 ملیار دینار بۆ حەشدی شەعبی زیاد کراوە.
بودجەی حەشدی شەعبی ساڵی 2024 چوار تریلیۆن و 556 ملیار و 611 ملیۆن دینارە؛ بەپێی خشتەکانی بودجە بۆ ساڵی 2024 حەشدی شەعبی 238 هەزار و 75 ئەندامی هەیە.
ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا بە زیادکردنی پارەی پرۆژەی دروستکردنی رێگەی قەرەتەپە - ئۆمەرمەندان، چوارڕیانی رێگەی بەغدا - کەرکووک بە درێژایی 22 کیلۆمەتر لە قۆناخی دووەمی پرۆژەکە. هەروەک پارەی پرۆژەی ئاوەڕۆی موسڵ - بەری راست زیاد کرا.
ئەنجوومەنەکە بڕیاریدا نرخی وەرگرتنی تۆنی برنجی عەنبەر لە 960 هەزار دینارەوە بۆ یەک ملیۆن دینار زیاد بکات. نرخی وەرگرتنی برنجی یاسەمین-یش وەکو نرخی ئێستای بمێنێتەوە کە 800 هەزار دینارە بۆ هەر تۆنێک.
ئەنجوومەنەکە دەسەڵاتی دایە راوێژکاری ئاسایشی نیشمانیی عێراق بۆ دانوستاندن و واژۆکردنی یاداشتنی لێکتێگەیشتنی هاوکاریی ئەمنی نێوان راوێژکارییەتی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران.
هەروەها رەزامەندیدا لەسەر راسپاردەکانی کۆنووسی لیژنەی دیوانی 23995 کە پەیوەستە بە پرۆژەکانی رێککەوتنی چوارچێوەی چینی.