رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی بەسرە دەڵێت، چەکدارێک هەوڵی داوە لە رێگەیەکى سەرەکى شارەکە دزى لە دوو هاووڵاتی بکات کە ئۆتۆمبێلێکى تابلۆى کوێتییان پێبووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەنجامدەری ئەو تاوانە دەستگیرکراوە.
رووداوەکە 2ى ئەیلوول لە رێگەیەکى سەرەکى قەزاى زوبێر لە پارێزگاى بەسرە روویداوە و چەکدارێک هەوڵیداوە شتە بەنرخەکانی دوو کەسەکە ببات.
چەکدارەکان تەقەیان لە ئۆتۆمبێلەکە کردووە کە لە جۆرى تاهۆ بووە.
عەقید عەزیز هاشم، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى پۆلیسی بەسرە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، هەوڵى بردنی شتە بەنرخەکانی نێو ئەو ئۆتۆمبێلە لە رێگەیەکى سەرەکى قەزاى زوبێر روویداوە و ئەو کەسەش کە هەوڵى دزیکردنی داوە، دەستگیرکراوە.
فەرماندەیی پۆلیسی بەسرە لە راگەیێنراوێکدا دەڵێت، لە رووداوەکەدا دوو کەس برینداربوون کە لە نێو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون تابلۆی کوێتی پێوەبووە.
عەقید عەزیز هاشم گوتى: "سەرنشینانى ئۆمبێلەکە خەڵکى قەزا زوبێرن".
فەرماندەیی پۆلیسی بەسرە ئاماژەى بەوەداوە کە لێکۆڵینەوەى زیاتر لە رووداوەکە دەکەن بۆ ئەوەى وردەکارییەکە بە تەواوى بزانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ