رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ بۆ خوێندنەوەی یەکەم و دووەم و پەسندکردنی ژمارەیەک پڕۆژەیاسا کۆدەبێتەوە؛ یەکێکیان خوێندنەوەی دووەمی پێشنیازەیاسای هەمواری دووەمی یاسای باری کەسیی عێراقە، کە مشتومڕهەڵگرە.
ئەندامێکی هاوپەیمانێتییەک کە دژی ئەو هەموارکردنەوەیە دەڵێت، "رێگری لە پەسندکردنی رەشنووسەکە دەکەین. ئەگەر پەسندیش بکرێت، لە دادگەی فیدراڵی سکاڵا تۆماردەکەین."
بڕیارە کاژێر 01:00ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ (سێشەممە، 3ـی ئەیلوولی 2024) پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی شەش بڕگە کۆببێتەوە. بڕگەی سێیەمی کارنامەکە تایبەتە بە خوێندنەوەی دووەم و راپۆرتی پێشنیازەیاسای هەمواری یاسای باری کەسیی ژمارە 188ـی ساڵی 1959ـی عێراق، کە لە دوو مادە پێکدێت.
هەموارەکە جێگەی مشتومڕە و عێراقییەکانی دابەشکردووە، ژمارەیەک رێکخراوی نێودەوڵەتیش رەخنەی لێدەگرن و دەڵێن، دەبێتە هۆی کردنەوەی دەرگای بەشوودانی منداڵ و رەوایەتیپێدانی ئەو کارە.
نەدا سوڵتان، ئەندامی هاوپەیمانیی 188، کە کۆمەڵێک چالاکڤان و رێکخراوی دژ بە هەمواری یاسای باری کەسی لەخۆدەگرێت، لەبارەی خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازە یاساکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا هەوڵێک بەتایبەت لەلایەن بەشێک لە پەرلەمانتارانەوە، لەنێویاندا پەرلەمانتارانی ژن هەیە بۆ ئەوەی رێگری لە خوێندنەوەی دووەمی رەشنووسی هەموارەکە بکرێت، بەڵام ئەگەر خوێندنەوەی دووەمیشی بۆ بکرێت، رێگری لە پەسندکردنی دەکەین."
سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتوویان لەئەگەری پەسندکردنی رەشنووسەکەدا، نەدا سوڵتان گوتی، "هەنگاوی دیکەمان دەبێت، لەنێویاندا گوشارخستنە سەر سەرۆککۆمار بۆ پەسندنەکردنی، هەروەها پەنا بردنە بەر رێگەی دیکەی یاسایی وەک سکاڵاکردن لە دادگە."
نەدا سوڵتان گوتیشی، "هەنگاوی جیدیمان دەبێت ئەگەر رەشنووسەکە پەسند بکرێت، چونکە لە خوێندنەوەی یەکەمی رەشنووسەکەدا رێژەی یاسایی ئەندامان ئامادە نەبوو، جگە لەوەی واژۆی بەشێک لە پەرلەمانتاران بۆ پشتگیریکردنی رەشنووسەکە ساختەکرا؛ بۆیە پێشێلکاریی زۆری یاسایی هەبوو. شارەزایانی بواری یاساش تێبینی زۆریان هەیە؛ بۆیە متمانەمان بە دادگە هەیە کە لەبەرژەوەندیی ئێمە بڕیاردەدات، ئەگەر بابەتەکە گەیشتە دادگە".
رۆژی 4ـی ئابی 2024، پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ رەشنووسی هەمواری یاسای باری کەسی کرد کە هەنگاوەکە رووبەڕووی رەخنە بووەوە.
لەنێو پەرلەمانی عێراق کۆمەڵەیەک لە ژمارەیەک پەرلەمانتاری ژن دروستبووە و دەڵێن، پێشنیازەیاساکە دەرگا بۆ بەشوودانی کچان لە تەمەنی 9 ساڵییەوە دەکاتەوە و کۆمەڵگە بەسەر شیعە و سوننەدا زیاتر دابەشدەکات.
رۆژی 17ـی ئابی 2024ـیش رێکخراوى چاودێریی مافەکانی مرۆڤ (هیومەن رایتس وۆچ) رایگەیاند، هەمواری یاسای باری کەسی رێگە بە مەرجەعەکانی ئایینی دەدات لەبری یاساکانی دەوڵەت، کاروباری هاوژینی و میرات دژی مافە بنەڕەتییەکان رێکخبەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ