نزیکەی سێ ملیۆن و 500 هەزار زیارەتکار هاتوونەتە عێراق

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئاماری فەرمیی رۆژانە و کۆی گشتیی ژمارەی زیارەتکارانی لە دەروازە سنوورییەکانی عێراق بڵاوکردەوە و رایگەیاند گەیشتووەتە نزیکەی 3 ملیۆن و 500 هەزار زیارەتکار. 
 
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەمڕۆ (شەممە، 3ـی ئەیلوولی 2023) ئاماری رۆژی 2ـی مانگی ژمارەی هاتنی زیارەتکارانی لە دەروازە سنوورییەکانی عێراق بڵاوکردەوە، دەڵێت لایەنە پەیوەندارەکان ئاسانکارییان بۆ هاتنی زیارەتکاران کردووە لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی (مونزرییە، زرباتییە، شیب، شلامچە، سەفەوان، مەندەلی، کەرکووک، قائیم، فڕۆکەخانەی بەغدا، فڕۆکەخانەی نەجەف و فڕۆکەخانەی بەسرە).
 
ئەو کەسانەی لە رۆژی شەممەدا بەمەبەستی بەشداریکردن لە چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن هاتوون، ژمارەیان 508 هەزار و 108 کەس بووە، کە بە 8 هەزار و 308 ئۆتۆمبێل هاتوون.
 
لەبارەی کۆی گشتیی ژمارەی زیارەتکاران، وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشکرای دەکات لە سەرەتای مەراسیمی چلەی ئیمام حوسێنەوە تائێستا ، سێ ملیۆن و 455 هەزار و 80 زیارەتکاری هاتوونەتە عێراق.
 
هاتنی ئەم زیارەتکارانە بۆ بەشداریکردنە لە چلەی ئیمام حوسێن لە شاری کەربەلا. ئیمام حوسێن، کچەزای محەممەد، پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) لە شاری کەربەلا لەگەڵ خێزان و دەیان لە کەسوکار و لایەنگرانی لە ساڵی 680ـی زایینی و لەسەر دەستی لایەنگرانی یەزیدی کوڕی مەعاوییە، خەلیفەی ئەمەوییەکان کوژرا.