حیزبی ئیسلامی عێراق: بۆردوومانکردنەکەی ناحیەی عەلەم بە ئەنقەست بوو

03-09-2014
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو - هەولێر
 
حیزبی ئیسلامی عێراق بەتووندی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی عێراقی بۆ سەر ناحیەی عەلەم ئیدانەکرد و بە "تاوانێکی ترسناک"ی ناوبرد.

حیزبی ئیسلامی لە راگەیێندراوێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "ئەوەی لە عەلەم روویدا دەگاتە ئاستی کوشتارگە، ئەمەش وامان لێدەکات دڵنیابین کە بۆردوومانەکە هەڕەمەکی نەبووە، بەڵکو بە ئەنقەست بووە و ئامانجی ئەوە بووە زۆرترین خەڵکی سڤیل بکوژێت، تاوەکو تۆڵە لە بەرپرسانی پارێزگای سەڵاحەددین بکاتەوە، کە نەیانتوانیوە دۆسیەی ئەمنی سنووری پارێزگاکەیان بپارێزن".

رۆژی سێشممە 2ی ئەیلوول فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق ئامادەیی پیشەسازیی ناحیەی عەلەمی سەر بە پارێزگای سەلاحەدینیان بۆردوومانکرد و لەئەنجامدا زیاتر لە 60 کەس کوژران و برینداربوون، بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی حیزبی ئیسلامیش دواتر فڕۆکەکان هێرشیان کردووەتە سەر ئاپۆڕای ناشتنی تەرمی قوربانییەکان و کە لەو هێرشەشدا قوربانی ديكه هەبووە.

حیزبی ئیسلامی عێراق دەشڵێ "فڕۆکە جەنگییەکان بۆردوومانی چەکداران ناکەن کە بە ئارەزووی خۆیان لەو ناوچانە دەگەڕێن، تەنیا لەو خەڵکە دەدەن کە لە ترسی شەڕ هەڵاتوون"، داواش دەکات حکومەت بەپەلە بەو سیاسەتەیدا بچێتەوە کە راگەیێندراوەکە بە "چەوت"ـی ناوبردووە.

حیزبی ئیسلامی عێراق بەرپرسارێتی داڕووخانی باری ئەمنی لە چەند ناوچەیەکی عێراق دەخاتە ئەستۆی هێزە ئەمنییەکان و دەڵێ "هێزە ئەمنییەکان نەیانتوانی پارێزگاری لەو ناوچانە بکەن و ئێستاش بە هێشکردنەسەر خەڵکی بێتاوان دەیانەوێ شکستەکەیان داپۆشن".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە