رووداو دیجیتاڵ
لە پێنج پارێزگای عێراق تیشکی سەروو وەنەوشەیی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و کەشناسیی عێراق داوا لە هاونیشتمانیان دەکات، کڵاو، چاویلکە و چەتر بەکاربهێنن.
ئەمڕۆ (شەممە، 3ـی ئابی 2024) عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کەشناسیی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "بەگوێرەی پێوەرەکانی رێکخراوی کەشناسیی جیهانی و دەزگای کەشناسیی عێراق، ئەمڕۆ لە هەریەکە لە پارێزگاکانی، ئەنبار، بابل، واست، میسان و بەسرە، لە ناوچەی سوور بوون و رێژەی تیشکی سەروو وەنەوشەیی لەو پێنج پارێزگایەدا لەنێوان 8 بۆ 10 پلە بووە."
گوتیشی، "لە پارێزگاکانی، بەغدا، کەرکووک، نەینەوا، سەلاحەدین، کەربەلا و موسەننا تیشکەکە 6 بۆ 7 پلە بووە، بۆیە دەکرێت بڵێین مەترسیی لەسەر دانیشتووانی ئەو پارێزگایانە تاڕادەیەک کەمترە."
سەبارەت بە زیانەکانی ئەو تیشکە و چۆنییەتی خۆپاراستن لێی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کەشناسیی عێراق دەڵێت، "تیشکی سەروو وەنەوشەیی زیان بە چاو و پێست دەگەیێنێت. هەروەها ئەگەری هەیە لە داهاتوودا کەسەکە تووشی کێشەی زیاتری تەندروستیی بکات، بۆیە پێویستە هاونیشتمانییان لەکاتی دەرچوونیان لە ماڵەوە، چاویلکە و کڵاو یان چەتر بەکاربهێنن بۆ ئەوەی زیانیان پێنەگات."
بەگوێرەی پێناسەی رێکخراوی کەشناسی جیهانیی بۆ تیشکی سەروو وەنەوشەیی: ئەو تیشکە یەکێکە لە شەپۆلە کارۆموگناتیسییەکانی خۆر و لە 13٪ـی تیشکی خۆر پێکدەهێنێت. چاوی مرۆڤ توانای بینینی شەپۆلەکانی ئەو تیشکەی نییە و چەند ئاستی خۆر لە ئاسماندا بەرز بێت؛ ئاستی تیشکی سەروو وەنەوشەییش بەرزتر دەبێتەوە.
تیشکی سەروو وەنەوشەیی دوو جۆرە: A و B، جۆری B دەبێتە هۆی سووتانەوە و ژاکاندنی رووکاری دەرەوەی پێست، کەچی جۆری A کار لە چینە قووڵەکانی پێست دەکات و چرچیی پێست دروست دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ