موحسین مەندەلاوی: دەبێت ناوچەی ئێزدییەکان لە هاوکێشەی ململانێیەکان دووربخرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کاتیی پەرلەمانی عێراق کۆمەڵکوژکردنی کوردانی ئێزدی بە قێزەونترین تاوان ناودەبات و داوادەکات ئەو شوێنانەی کوردانی ئێزدی تێیاندا نیشتەجێن لە هاوکێشەی ململانێیەکان دووربخرێنەوە.
موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی کاتیی پەرلەمانی عێراق، رۆژی شەممە، 03-08-2024، لە بۆنەیەکدا کە لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی لە هۆڵی گەورەی پەرلەمانی عێراق رێکخرا، قسەی کرد و گوتی: "ئەمڕۆ 10 ساڵ بەسەر قێزەونترین تاوان و کۆمەڵکوژیی مرۆیی تێدەپەڕێت کە مێژووی هاوچەرخی عێراق بەخۆیەوە بینی کە تێیدا هەموو بەها ئاسمانییەکان پێشێلکران، لە کوشتنی ژنەوە بیگرە تاوەکو کوشتنی پیاو و منداڵ و بەکەنیزەککردنی ژنانی عێراقی، بەتایبەتی ژنانی ئێزدییەکان".
موحسین مەندەلاوی گوتی: "ئەوە قێزەونترین تاوانی کۆمەڵکوژی بوو کە هەرگیز ویژدانی نیشتمانی و مرۆیی لەیادی ناکات".
سەرۆکی کاتیی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "پێویستە هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن پاڵپشتی لە ئێزدییەکان بکەن تاوەکو ژیانێکی ئارام و سەقامگیر بۆ ئێزدییەکان دەگەڕێتەوە، هەموو شار و گوندەکانیان ئاوەدان دەکرێتەوە، ئارامی، ژێرخان و خزمەتگوزاریی سەرەکییان بۆ دابین دەکرێ. پێویستە کاربکرێ ئەو ناوچانە لە هاوکێشەی ململانێیەکان دوور بخرێنەوە".
موحسین مەندەلاوی رایگەیاند: "پەرلەمانی عێراق بە هاوکاریی حکومەت، یاسای ژمارە8ی ساڵی 2021ی رزگاربووانی ژنانی ئێزدی دەرکرد بۆ چارەسەرکردنی زیانە جەستەیی، دەروونی، کۆمەڵایەتی و داراییەکان. یاساکە کچان و ژنانی رزگاربووی تورکمان و کریستیان و شەبەکیش دەگرێتەوە".
مەندەلاوی رایگەیاند: "سەرۆکایەیتی پەرلەمان لیژنەیەکی پەرلەمان تایبەت پێکدەهێنێت بە هاوکاری لایەنی پەیوەندار بۆ بەدواداچوون و جێبەجێکردنی هەموو دەقەکانی نێو یاساکە، ئەوەش کەمترین ئەرکە بەرامبەر گەلەکەمان لە پێکهاتەی ئێزدی".
لە 03-08-2014دا چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر شنگال و دەوروبەری. لەو هێرشەدا 11 هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفێندران، کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێن کران.
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش دەڵێت، تاوەکو ئێستا 3 هەزار و 579 کوردی ئێزدی رفێندراوی دەست داعش رزگارکراون؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "حکومەتی عێراق یەک هەنگاوی بۆ هاوکاری ئێزدییەکان ناوە، ئەویشی جێبەجێ نەکردووە".
حوسێن قائیدی بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆ 70٪ـی کوردانی ئێزدی لە شنگال و دەوروبەری لە خێوەتدا دەژین؛ هەروەها نزیکەی 250 هەزار کوردی ئێزدی لە 19 کەمپی هەرێمی کوردستاندا دەژین.