سوودانی: ئێزدیەکان رووبەڕووی پێشێلکردنی زەق و مامەڵەی دڕندانەی چەتەکانی داعشی تیرۆریست بوونەوە

13 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، کوردانی ئێزدی "رووبەڕووی پێشێلکردنێکی زەق و مامەڵەیەکی دڕندانەی چەتەکانی داعشی تیرۆریست بوونەوە."
 
رۆژی شەممە 03-08-2024 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا لە 3ی ئاب، خەڵکی ئێزدیمان لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکە دووچاری پێشلکردنێکی زەق و مامەڵەیەکی دڕندانەی چەتەکانی داعشی تیرۆریست بوونەوە."
 
لە 03-08-2014دا چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر شنگال و دەوروبەری. لەو هێرشەدا 11 هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفێندران، کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێن کران.
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، "حکومەتەکەمان بەردەوامە لە کارکردن بۆ دەستەبەرکردنی مافی هەموو پێکهاتەکان."
 
سوودانی ئاماژە بەوەش دەکات، "بەدواداچوونی ورد و بەردەوام دەکەین بۆ جێبەجێکردنی یاساکان، ئەوەش لەپێناوی بەدیهێنانی مافی قوربانیان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیان و بە مەبەستی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکان. تاوەکو ئێستا هێزەکانمان بەردەوامن لە راوەدونانی پاشماوەی تیرۆریستان و دڵنیاتان دەکەینەوە کە دەربازیان نابێت."
 
ئەمڕۆ زانکۆی کوردستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی، یادی 10 ساڵەی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی دەکاتەوە و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێورەسمەکەدا بەشداری دەکات.
 
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە بۆسەر شنگال و دەوروبەری، نزیکەی 5000 ئێزدی کۆمەڵکوژ کران؛ هەروەها 6417 کەسیش رفێندران."
 
بەگوێرەی ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش، لەو کوردە ئێزدییانەی رفێندران، تاوەکو ئەمڕۆ 3576 کەسیان رزگارکراون و 2841 کەسیان بێسەروشوێنن.
 
لە کۆی 119 گۆڕی بەکۆمەڵی دۆزراوە لە سنووری شنگال، تەنیا 50یان هەڵدراونەتەوە. سعود مستۆ، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزدییان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "لەو 50 گۆڕەی هەڵدراونەتەوە 600 رووفات هەبوون و لەو ژمارەیەش 264 رووفات گەڕێندراونەتەوە و رووفاتی ئەوانی دیکە لە بەغدان و هێشتا پڕۆسەی پشکنینی DNAیان تەواو نەبووە."
 
لە هەرێمی کوردستان بەشێکی زۆری کوردانی ئێزدی ئاوارە لە 21 کەمپ نیشتەجێن. حوسێن قائیدی دەڵێت، "25٪ بۆ 30%ـی کوردانی ئێزدی ئاوارە لە کەمپەکانەوە گەڕاونەتەوە شنگال و دەوروبەری. ئەوانەیان ماونەتەوە لە 19 کەمپدا جێگیر کراون."
 
دوو هەزار و 841 کوردی ئێزدی رفێندراو تاوەکو ئێستا چارەنووسیان دیار نییە.
 
حوسێن قائیدی دەڵێت، پێشبینی دەکەن زۆرینەیان لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان بن، هەروەها بەشێکی دیکەیان لەو ناوچانەی عێراق بن کە داعش لە رابردوودا تێیاندا باڵادەست بوو.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە

پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە دوای زیاتر لە هەشت مانگ لە هەڵبژاردن هەڵبژێردران

دوای زیاتر لە هەشت مانگ لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە و کێشمەکێشمی لایەنەکانی شیعە و سوننەی ئەو پارێزگایە، شەوی 1ی ئاب بە بەشداریی 13 ئەندامی ئەنجوومەن لە بەغدا، پۆستی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن یەکلایی کرایەوە