رووداو دیجیتاڵ
ئەو راگرەی لە ماوەکانی رابردوودا دیمەنی ئابڕووبەری بڵاوبووەوە، هەواڵی گیانلەدەستدانی لەنێو یەکێک لە زیندانەکانی بەسرە بڵاودەبێتەوە، بەڵام پۆلیس هەواڵەکە رەت دەکاتەوە.
عەقید عەزیز هاشم،گوتەبێژی پۆلیسی بەسرە، رۆژی شەممە 03-08-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هەواڵی گیانلەدەستدانی د. عیماد شەعلان شاوی، راگری پێشووی کۆلیژی کۆمپیوتەر و تەکنەلۆجیای زانکۆی بەسرە لەنێو زیندان دوورە لە راستییەوە.
ماوەیەک لەمەوبەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ژمارەیەک وێنەی د. عیماد شەعلان بڵاوبوونەوە و تێیاندا دەردەکەوێت کە لە ئۆفیسەکەی خۆی دەستدرێژیی سێکسی دەکاتە سەر ژمارەیەک لە خوێندکارانی کۆلێژەکەى، ئەوەش دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. لەسەر ئەو رەفتارە رۆژی 19ی ئایاری ئەم ساڵ هێزێکی ئەمنی د. عیمادیان لە ماڵەکەی دەستگیرکرد و دواتر دادگە بڕیاری 15 ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرکرد.
سەلیم سالم خوزاعی، بەڕێوەبەری بەندیخانەی ناوەندیی بەسرەش گوتی، ئەو هەواڵە دوور راستییەوە و د. عیماد سزاکەی لە زیندان بەسەر دەبات.
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیی عێراق لە 28ى ئادارى 2024دا بڕیاریدا بە دوورخستنەوەى عیماد شەعلان.
بەگوێرەى بڕیارەکە، هۆکارى ئەو سزایە ئەنجامدانى کارى "مەترسیدار و دژ بە ئاکارى گشتى و مامەڵەى مامۆستاى زانکۆ" بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ