سەرۆکى دادگەى باڵاى فیدراڵى: یاساى بودجە گەرەنتیى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانى کردووە

03-08-2023
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق رایگەیاند، یاساى بودجە گەرەنتیى چارەسەرى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانى کردووە. دەشڵێت، لە ماوەی رابردووشدا حکومەتى هەرێمى کوردستان بە شێوەیەکى "زۆر" پابەند بووە بە بڕیارەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵییەوە.
 
جاسم محەممەد عەبود، سەرۆکى دادگەى باڵاى فیدڕاڵیى عێراق رایگەیاند، یاساى بودجە چارەسەرى چەندین پرسی گرنگى  پەیوەندیدار بە گەلی کردووە و گەرەنتیى چارەسەرى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانیشى کردووە.
 
سەرۆکى دادگەى باڵاى فیدراڵى بە میدیاى فەرمیى عێراقى راگەیاندووە، لەم ماوەیەى رابردوودا حکومەتى هەرێمى کوردستان بە شێوەیەکى "زۆر" پابەند بووە بە بڕیارەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵییەوە و دادگەکەشیان بانگهێشتنامەیەکى قبووڵ کردووە بۆئەوەى سەردانى هەرێمى کوردستان بکات، "بە ئامانجى پارێزگاری لە یەکپارچەیی خاکى عێراق، بەو پێیەى گەلى کوردستان بەشێکى گرنگى عێراقن."
 
پشکى هەرێمى کوردستان لە یاساى بودجەى گشتى زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە، کە زۆرینەى پارەى مووچەى فەرمانبەرانە.
 
جاسم محەممەد عەبود رایگەیاند، دادگەى باڵاى فیدراڵى چەندین تانەى پێگەیشتووە لەلایەن حکومەت و لایەنى دیکەوە لە دژى چەند بڕگەیەکى بودجە، بەڵام تاوەکو ئێستا یەکلانەکراونەتەوە.
 
رۆژی 7ى ئابی 2023 دادگەى باڵاى فیدراڵى بۆ جاری دووەم لەبارەى سکاڵایەک کۆدەبێتەوە، کە محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران لە دژى چەند مادە و بڕگەیەکى یاساى بودجە تۆماری کردووە.
 
رۆژی 12ى تەممووزى 2023 دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیارێکى دەرکرد بۆ ئەوەى بەشێوەیەکى کاتى جێبەجێکردنى شەش بڕگە و مادەى یاسای بودجە رابگیرێن، تاوەکو سکاڵایەک لەو دادگەیە یەکلایی دەکرێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە