موقتەدا سەدر داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراق و هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکات

03-08-2022
هێمن بابان رەحیم
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، پێویستە پەرلەمانی عێراق هەڵبوەشێندرێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێت.
 
رۆژی چوارشەممە 03-08-2022 موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە گوتارێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند ئەوەی لە عێراق روودەدات ململانێی کەسی نییە و رەتیکردەوە هیچ گفتوگۆیەک لەگەڵ لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا بکات. راشیگەیاند، دەستپێشخەری بۆ خوێنڕشتن نابێت، بەڵام شۆڕش پێویستی بە قوربانیدانە.
 
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە سەرەتای گوتارەکەیدا باسی لە هۆکارەکانی کشانەوەی پەرلەمانتارەکانی رەوتەکەی لە پەرلەمان کرد، کە 15ی حوزەیرانی 2022 دەستیان لەکارکێشایەوە و گوتی: گەلی عێراق "هەڵتان نەخەڵەتێنن بەوەی ئەو شۆڕشەی روودەدات ململانێیە لەسەر دەسەڵات، ئەوەی بیەوێت 73 پەرلەمانتاری تۆخ لە پەرلەمان ناکێشێتەوە، نەخێر ململانێ نییە لەسەر دەسەڵات، چونکە تاوەکو ئێستا بڕیارم نەداوە بچمە هەڵبژاردنی نوێوە یان نەچم، ئەگەر سیستەمی دابەشکاریی ئێستاش بڕووخێنرێت، گەڕانەوەی پێشترم بۆ هەڵبژاردنەکان تەنیا لە پێناو داڕشتنی یاسایەکی پێویست بوو بۆ دژی ئاساییکردنەوە".
 
موقتەدا سەدر کە لە ململانێیەکی توونددایە لەگەڵ نووری مالیکی، سەرۆکی دەوڵەتی یاسا، لە گوتارەکەیدا خاوبوونەوەیەک بە هەڵوێستە تووندەکانی بەرامبەر بە مالیکی بەدی دەکرا. سەدر گوتی: "ئەوەی هەیە ناکۆکی نییە لەنێوان چەند کەسێک وەکو چۆن هەوڵدەدەن وا بۆتان روونبکەنەوە، من لەو کەسانە نیم دژایەتیی کەس بکەم هەرگیز، ئەگەر بیەوێت بمکوژێت وەکو ئەوەی لە دەنگە دزەپێکراوەکانی ئەمدواییە هاتووە، یان لەلایەن ئەوانەی کە لە دەنگە دزەپێکراوەکانی دوایی بێدەنگ بوون، هیچم بۆیان نییە تەنیا داوای هیدایەت دانییان نەبێت، لە پێناو ئەوان نا، بەڵکو لە خۆشەویستیم بۆ ئاین و مەزهەب و گەل و نیشتمان".
 
بەپێی قسەکانی بێت، دەستپێشخەرییەکان هیچ ئەنجامێکیان نابێت و سەدر دەڵێت: "بانگەشەکانیان گوایە من گفتوگۆم ناوێت ملکەچم ناکات، بەڵام گفتوگۆمان لەگەڵدا ئەزموونکرد و تاقیکردەوە و هیچی بۆ ئێمە و بۆ نیشتمان لێ بەدی نەهات لە خراپە و گەندەڵی و ملکەچی نەبێت، سەرباری بەڵێن و واژووەکانیان، بۆیە هیچ سوودێکی جێی ئومێدنییە لەو گفتوگۆیە نییە، بەتایبەت دوای ئەوەی گەل ئازادانە و هەڕەمەکییانە قسەی خۆی کرد."
 
موقتەدا سەدر هێرشیکردە سەر لایەنەکانی دیکە کە دەرکراوەکانی نێو رەوتەکەیان وەردەگرن و گەندەڵی بڵاودەکەنەوە و گوتی: "شۆڕش بە سەدری دەستیپێکرد و سەدرییەکانیش بەشێکن لە گەل و نیشتمان، ئەگەر لەنێو رەوتەکەشدا خەڵکانێکی گەندەڵ و تاقیکراوە هەبن ئەوا شۆرش جیای ناکاتەوە، من چاکسازیم لەناو رەوتەکەوە دەستپێکرد و هیچ رۆژێک بانگەشەی ئەوەم نەکردووە رەوتی سەدری لە سەرووی گومانەکانەوەیە، هەمووشتان رێوشوێنە تووندەکان دەزانن، بەڵام زۆر لە دەرکراوان و ئەوانەی جیابوونەوە یان دەرگەکانی گەندەڵکارانیان بۆ کراوەیە، یان لەلایەن هەندێکەوە پاساو بۆ سزادانیان لە رێگەگەلێکەوە لە دەرەوەی دادگە یان یاساوە بۆ دەدۆزێتەوە و دەستدەکەن بە بڵاوکردنەوەی گەندەڵی لەسەر زەوی، ئەگەر رەوانەی دادگەشیان بکەین، ئەوا بێگوناه دەردەکرێن. لەگەڵ داخێکی زۆردا."
 
سەدر بە جلوبەرگێکی رەش و عەمامەیەکی رەشەوە دەرکەوت، وەکو ئاماژەیەک بۆ مانگی موحەرەم کە لەلای موسڵمانان نابێت شەڕی تێدا بکرێت و لەلای شیعەکانیش بە مانگی پرسە دەناسرێت، بەتایبەت 10 رۆژی یەکەمی کە تایبەتە بە شەهیدبوونی ئیمامی حوسێنی کوڕی عەلی کوڕی ئەبو تالیب.
 
موقتەدا سەدر لە گوتارەکەیدا گوتی: "ئەمە لە لاوازی یان ترسمەوە ناڵێم، لەنێو رەوتەکەدا پیاوانی بەهێز و تووند هەن و هەموو شتیان تێدایە وەکو گوزارشت دەکرێت، لەرووی ژمارە و ئامادەبوون بۆ قوربانیدان، خوای گەورە هەزار جار پاداشتی چاکەیان بداتەوە، بەڵام ئەمە دەڵێم بۆ ئەوەی سوودەکە ئاسمانی بێت و پشتیوانییەکانی خودا بۆ هەمووان بێت."
 
لە گوتارەکەیدا، موقتەدا سەدر کە روون نەبوو لە حەنانە کە شوێنی مانەوەی سەدرە لە نەجەفەوە پێشکێشکرا یان لە بەغدا، رووی دەمی کردەوە گەلی عێراق و باسی لەو کەسانەش کرد کە لە رابردوودا لە پرۆسەی سیاسی تاقیکراونەتەوە و گوتی، "من دڵنیام زۆرینەی گەل لە هەموو چینی دەسەڵاتدار بێزار بووە، لەنێویاندا هەندێک لەو کەسانەی کە سەر بە رەوتەکەن، بۆیە بوونی من بۆ کۆتاییهێنان بە گەندەڵی بقۆزنەوە، و دەموچاوە کۆنەکان سەر بە هەرکێیەک بن لە ئێستاوە بوونیان نابێت پشتیوان بە خودا، لە رێگەی پرۆسەیەکی دیموکراسی، تکایە ئاگاداربن، لەڕێگەی پڕۆسەیەکی دیموکراسیی شۆڕشگێڕانەی ئاشتییانەوە یەکەم، دواتر پرۆسەیەکی دیموکراسیی هەڵبژاردنی پێشوەختە دوای هەڵوەشانەوەی پەرلەمانی ئێستا، بەڵێ من داوای دەسەڵات ناکەم و هیچ بەرژەوەندییەکی کەسیشم تێیدا نییە بۆ من و بۆ ئەوانەشی سەر بە ئێمەن، من داوای خوێنڕشتنیش ناکەم، بەڵام لە مانگی چاکسازی داوای چاکسازی دەکەم، بەڵکو ئەوە دەرگەیەک بێت بۆ سەرکەوتن، لەسەر هەموو ئەوانەیە کە نیشتمان و عاشوورای چاکسازییان خۆشدەوێت بەرەو چاکسازی بڕۆن و خودا پشتیوان دەبێت."
 
سەدر ئاماژەی بەوەش دا، ئامادەیە بۆ شەهیدبوون لەپێناو چاکسازی و رزگارکردنی گەل و نیشتمان، "زۆرینەی گەل لە هەموو چینی دەسەڵاتدار بێزار بووە".
 
لە کۆتایی قسەکانیدا، موقتەدا سەدر، رووی لە مانگرتووانی رەوتەکەی لە نێو پەرلەمانی عێراق کرد و گوتی: "دواتر لەسەر شۆڕشگێڕان و مانگرتووانی خۆشەویستە بمێننەوە و بەردەوام بن لەسەر مانگرنتیان تا بەدیهێنانی داواکارییەکان، پاشان سوپاسگوزاریی زۆرم ئاڕاستەی هێزە ئەمنییە پاڵەوانەکان دەکەم، هەروەها بۆ هەموو ئەوانەی پشتیوانی ئەم شۆڕشە عێراقییە رەسەنەی کردووە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق

فایەق زێدان: سێجار پۆستی سەرۆکوەزیرانم رەتکردووەتەوە و ئێستاش رەتیدەکەمەوە

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێت، تاوەکو ئێستا سێ جار پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراقی رەتکردووەتەوە و ئێستاش رەتیدەکاتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، سەرکردەکانی کورد ویستی جیاکردنەوەی هەرێمی کوردستانیان لە عێراق نییە.