هۆشیار زێباری پشتگیریی گوتارەکەی موقتەدا سەدر دەکات

03-08-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی رایگەیاند، "سکاڵا هەڵبەستراوەکان" لە دادگە هۆکاری ئەو قەیرانە سیاسی و ئەمنی و کۆمەڵایەتییەیە کە بەرۆکی عێراقی گرتووە و پشتیوانی خۆشی لەوبارەیەوە بۆ موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر نیشاندا.
 
رۆژی چوارشەممە، 3ـی ئابی 2022، لە دوای گوتارەکەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، هۆشیار زێباری وەکو یەکەم بەرپرسی باڵای پارتی هەڵوێستی لەبارەی بەشێک لە قسەکانی موقتەدا سەدرەوە راگەیاند و لە تویتێکدا لە هەژماری خۆی رایگەیاند: "سکاڵا هەڵبەستراوەکانی دادگە بۆ راگرتنی پڕۆژەی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی لە ئۆکتۆبەری 2021، هۆکاری ئەو قەیرانە سیاسی و ئەمنی و کۆمەڵایەتییەی ئێستایە، سەماحەتی موقتەدا سەدر راستی گوت."
 
هەروەها لە تویتەکەیدا لەبارەی چارەسەری دۆخی ئێستای عێراق کە لەدوای 30ی تەممووزەوە چووەتە قۆناخێکی دیکەوە دوای ئەوەی لایەنگرانی رەوتی سەدر چوونە نێو پەرلەمان و بەربژێرەکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران رەتدەکەنەوە، هۆشیار زێباری دەڵێت: "چارەسەر گەڕانەوەیە بۆ بنچینەییەکان و دادپەروەریی رەها و یاسا و رای گەل."
 
هێشتا پارتی دیموکراتی کوردستان بە فەرمی لەبارەی قسەکانی رۆژی چوارشەممەی موقتەدا سەدرەوە هەڵوێستی رانەگەیاندووە، بەڵام قسەکانی سەدر لەسەر ئاستی عێراق زۆر لێکدانەوە و لێدوانی بەدوای خۆیدا هێنا و چاوەڕوانی زیاتریش دەکرێت، بەتایبەت هەموو گفتوگۆکردنی رەتکردەوە، ئەگەرچی لە رۆژانی رابردوو دوو دەستپێشخەریی گرنگ لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مستەفا کازمی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق راگەیێندران.
 
ئەمڕۆ موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە دوای رووداوەکانی 27ی تەممووز و خۆپێشاندانی لایەنگرانییەوە بۆ یەکەمجار لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا چەندین پرسی باس کرد و چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە رێگریکردن لە پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی تۆمەتبارکرد و گوتیشی: "لەگەڵیاندا گفتوگۆ ناکەم."
 
سەدر لە گوتارەکەیدا داوای هەڵوەشانەوەی پەرلەمانی ئێستا و هەڵبژاردنی پێشوەختەی کرد کە هێشتا بە قسەی ئەو بەشداریکردن یان نەکردنی تێدا یەکلایی نەکردووەتەوە.
 
رۆژی 27ى تەممووزی 2022 ژمارەیەک لە لایەنگرانى رەوتى سەدر لە بەغدا لە دژى بەربژێرکردنى محەممەد شیاع سوودانى، لە لایەن چوارچێوەى هاوئاهەنگى بۆ پۆستى سەرۆکوەزیران خۆپێشاندانیان کرد و دواتر بەربەرستە کۆنکرێتییەکانی ناوچەی سەوزیان بڕی و چوونە نێو هۆڵى پەرلەمانى عێراقەوە. دواتر بە بڕیاری موقتەدا سەدر لە پەرلەمان کشانەوە. بەڵام رۆژی 30ی تەممووز جارێکی دیکە چوونەوە نێو هۆڵی پەرلەمان و مانیانگرت. 
 
رۆژی یەکشەممە 13-02-2022 دادگەی فیدراڵیی عێراق بەربژێربوونی هۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرۆککۆمار رەتکردەوە. بڕیارەکە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە ئەو کات بە سیاسی ناوهێنرا و چوارچێوەی هاوئاهەنگی و بەشێک لە پەرلەمانتارەکانی یەکێتی پێ تۆمەتبارکرا کە هۆکاری جووڵاندنی سکاڵابوون لە دژی هۆشیار زێباری.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق

فایەق زێدان: سێجار پۆستی سەرۆکوەزیرانم رەتکردووەتەوە و ئێستاش رەتیدەکەمەوە

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێت، تاوەکو ئێستا سێ جار پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراقی رەتکردووەتەوە و ئێستاش رەتیدەکاتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، سەرکردەکانی کورد ویستی جیاکردنەوەی هەرێمی کوردستانیان لە عێراق نییە.