دوو وەزارەتی عێراق لەسەر زەویی جووتیارانی کورد شەڕیانە؛ 'لە هەردوولا زەرەرمەندین'

04-07-2024
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
زەوییەکان زۆرینەیان دەکەونە گوندی تۆپزاوا لە کەرکووک
زەوییەکان زۆرینەیان دەکەونە گوندی تۆپزاوا لە کەرکووک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی بەرگریی عێراق، لە دادگەی ئیداری سکاڵا لەسەر وەزارەتی دارایی عێراق تۆماردەکات و داوا دەکات ئەو زەوییانەی بۆ بگەڕێنرێتەوە کە بە ناوی ئەو وەزارەتەیە؛ مەبەستیش لە زەوییەکان، ئەوانەن کە لەبنەڕەدا زەویی کوردن.
 
زەوییەکان زۆرینەیان دەکەونە گوندی تۆپزاوا لە کەرکووک، جووتیارانی کورد بێ ئاگان لەوەی شەڕی دوو وەزارەتی عێراق لەسەر زەوییەکانی ئەوانە.
 
رووبەری ئەو زەوییانەی وەزارەتی بەرگریی عێراق داوایان دەکات، شەش هەزار و 300 دۆنمە، 1500ـیان دەکەوێتە گوندی تۆپزاوا لە کەرکووک. 
 
بەشێک لە زەوییەکان موڵکی سامی غەفوورن، کە تاپۆی رەشی هەیە و بڕیاری ماددەی 140 وەرگرتووە تاوەکو زەوییەکەی بەکاربهێنێ. 
 
سامی غەفووری جووتیار بە رووداو گوت "لە هەردوولادا ئێمە زەرەرمەندین. هەرلایەکیان دۆسییەکە بباتەوە، ئێمە زەوی لەدەست دەدەین. ئێمە خاوەن ماڵین و کەس پرسمان پێناکات و شەڕە لەسەر ماڵی ئێمە.''
 
هێشتا سوپای عێراق بارەگای سەربازیی لەسەر زەویی جووتیارانی کورد ماوە و کردوویەتییە ناوچەی قەدەخەکراو.
 
ئەو جووتیارانەی لەگەڵ سوپا کێشەی زەوییان هەیە، لە هەموو هاوکارییەکی کشتوکاڵی بێبەشکراون و زۆرجار گەنم و جۆیان لێ وەرناگیرێت. 
 
محەممەد سیان، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان دەڵێت "یەکێک لە کێشەکان ئەوەیە؛ لە پلانی کشتوکاڵی بێ بەش دەکرێن و بێ بەش دەبین لە تۆو و بنەتۆو، هەروەها پێداویستیی کشتوکاڵی. بەشێک لەو دواکەوتنەی دووچارمان دەبێتەوە لە وەرگرتنی گەنم و جۆ، هۆکارەکەی ئەو کێشە و سکاڵایانەن، کە لەسەر زەوییەکان هەیە."
 
ئەگەر وەزارەتی بەرگری سکاڵاکە بباتەوە و زەوییەکانی پێبدرێت؛ گەڕاندنەوەیان بۆ کورد کارێکی ئاسان نابێت.
 
گەیلان قادر، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت "مامەڵەکردن لەگەڵ وەزارەتی بەرگری کەمێک قورسە، چونکە لایەنی سەربازییە و رەنگە بە بیانووی جۆراوجۆر، نەتوانین ئەو زەوییانە بە ئاسانی بۆ جووتیارانی کورد وەربگرینەوە."
 
ئەو زەوییانەی ئێستا وەزارەتی بەرگری عێراق داوایان دەکات، زەویی کوردن و لە سەردەمی شاڵاوەکانی ئەنفال، تەعریب و راگواستن دەستیان بەسەردا گیراوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە