سەرۆک بارزانی و فایەق زێدان تاوتوێی بارودۆخی سیاسیی عێراق دەکەن

03-07-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە بەغدا کۆبووەوە و بارودۆخی سیاسیی عێراق، پەیوەندی نێوان لایەنەکان و دواپێشهاتە هەرێمایەتییەکانیان تاوتوێ کرد.
 
رۆژی چوارشەممە، 03-07-2024 سەرۆک مەسعود بارزانی بە سەردانێک گەیشتە بەغدا لەلایەن د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە؛ محەممەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان؛ سابت عەباسی، وەزیری بەرگری و ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی حکومی و سیاسییەوە پێشوازیی لێکرا. دواتر لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.
 
لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا، سەرۆک بارزانی لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆبووەوە و فایەق زێدان خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانەکە دەربڕی و بە "گرنگ و مێژووی" وەسفی کرد.
 

 

 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بڕیارە سەرۆک بارزانی لە سەردانەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی دەسەڵاتەکانی عێراق و ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە و بەرپرسانی هێز و لایەنە سیاسییەکان کۆببێتەوە.
 
کۆبوونەوەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو و کۆتاییهێنانە بە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی.
 
ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ رووداو کردووە، ئاماژەیان بەوە کرد، سەردانەکە رۆڵی لە کرانەوەی زیاتری نێوان هەولێر و بەغدا دەبێت. بەرپرسێکی باڵای هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاساش بە رووداوی گوت، "سەردانەکە لە کاتێکی هەستیاردایە، زۆر دۆسیەی نێوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتی هەن، دەبێت عێراق و هەرێمی کوردستان خۆیانی بۆ ئامادەبکەن و لەنێوخۆدا خۆمان تۆکمە بکەین."
 
لە کۆبوونەوەکاندا دۆزینەوەی رێگەچارەی پێویست بۆ ژمارەیەک دۆسیە، لەنێویاندا بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، مووچەی مووچەخۆران، یاسای نەوت و گاز، دۆسیەی هەڵبژاردنەکان، پێکنەهێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگای کەرکووک و ژمارەیەک پرسی دیکە تاوتوێ دەکرێن.
 
دوایین سەردانی، سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا، رۆژی پێنجشەممە 22ـی 11ـی 2018 بوو، کە بە یاوەریی شاندێك و بە مەبەستی دیدار لەگەڵ گەورە بەرپرسانی عێراقی و تاوتوێكردنی پرۆسەی سیاسیی سەردانی بەغدای كرد و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لەلایەن محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی ئەوکاتی پەرلەمانی عێراق و هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح و ژمارەیەك لە وەزیر و بەرپرسە سیاسی و ئیداری و ئەمنییەكانی عێراق پێشوازیی لێكرا.
 
لە سەردانەکەیدا سەرۆک بارزانی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی ئەوکاتی عێراق، محەممەد حەلبووسی، سەرۆكی ئەوکاتی پەرلەمانی عێراق، هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح،  عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە، نووری مالیكی، سەرۆكی دەوڵەتی یاسا، فالح فەیاز، سەرۆكی فراکسیۆنی عەتا، حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر، ساڵح موتڵەگ و ئەندامانی کوتلەی جەبهەی عێراقی بۆ حیواری وەتەنی و چەند لایەنێکی دیکە کۆبووەوە. هەروەها لە نەجەف لەگەڵ موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی نیشتمانی شیعە کۆبووەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە