هاوئاهەنگیی پارێزگاکان بۆ ئەنجوومەنی نەینەوا: دەستپێلەکارکێشانەوەی بە کۆمەڵ رێگەپێدراو نییە
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی باڵای هاوئاهەنگیی نێوان پارێزگاکان لەبارەی گۆڕانکارییەکانی یەکە کارگێڕییەکان لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەواوە دەڵێت، "پەلە نەکەن". دەشڵێت: "یاسا رێگە بە بڕیاردانی دەستپێلکارکێشانەوەی بەکۆمەڵ نادات." ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتیش دەڵێت: "بەنیازین لە دادگەی کارگێڕی سکاڵا لەسەر ئەو گۆڕانکارییانە بکەین."
دەستەی باڵای هاوئاهەنگیی نێوان پارێزگاکان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە نووسراوێک وەڵامی بڕیارەکەی دوێنێی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوای دایەوە، کە بەڕێوەبەرانی سەرجەم یەکە کارگێڕییەکان "قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە"کانی ئێستای دوورخستەوە و کەسانی نوێی بۆ دیاریکردن.
نووسراوی دەستەکە ئاماژەی بە کۆبوونەوەکەی دوێنێی دووشەممە، 2ـی تەممووزی 2024ـی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوای داوە و دەڵێت، پێشتریش داوایان لێکردوون پەلە لە وەها هەنگاوێک نەکەن تاوەکو وەڵامی ئەنجوومەنی دەوڵەت لەوبارەیەوە دێت.
ئەنجوومەنەکە لەبارەی بڕیارەکە دەڵێت، دەمانەوێت ئەم خاڵانە روونبکەینەوە:
1- جەخت دەکەینەوە لە پەلەنەکردن تاوەکو ئەو کاتەی رای ئەنجوومەنی دەوڵەت دەگات، چونکە ئەو بابەتە زۆر گرنگە لە رێکخستنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی یەکە کارگێڕییەکان.
2- مامەڵەکردن لەگەڵ بەرپرسانی یەکە کارگێڕییەکان ئەوانەی دامەزراندنی بنەڕەتن جیاوازە لەو بەرپرسانەی راسپێردراون بە بەڕێوەبردنیان و جیاوازە لەو کەسەی بە راییکردنی کاروباری یەکەکانی کارگێڕی، چونکە پێگەی یاسایی هەریەک لەوانە جیاوازە لەوی دیکەیان، بەوپێیە رێکار و رێڕەوە کارگێڕییەکان لە دەستپێلەکارکێشانەوە یان بەخشینی یان دامەزراندنی جێگرەوەیان دەگۆڕێت.
3- گۆڕینی سەرۆکە بنەڕەتەکانی یەکەکانی کارگێڕی بەبێ چاوەڕوانی رای ئەنجوومەنی دەوڵەت، پێویستە پشتبەستراوبێت بە میکانیزمەکانی هاتوو لە حکومەکانی بڕگەی هەشتەمی مادەی 17ـی یاسای پارێزگا ناڕێکخراوەکان لە هەرێمێکدا ژمارە 21ـی ساڵی 2008ـی هەموارکراو، چاوەڕوانیکردن تاوەکو بڕیاری دەستپێلەکارکێشانەوە شوێن رێکاری خۆی وەردەگرێت، ئەوەش بە رێکارەکانی لێپرسینەوە و پاشان دەستپێلەکارکێشانەوە و کۆتاییهاتنی ماوەی یاسایی تانەکان و وەرگرتنی پلەی کۆتایی و یەکلاکەرەوە، پێش ئەوەی دەست بە پڕۆسەی وەرگرتنی جێگرەوەکان بکرێت.
4- لە پڕۆسەی لێپرسینەوە و دەستپێلەکارکێشانەوە بەتەنیا بۆ بەرپرسان لە کۆبوونەوەی جیاواز بۆ هەریەکێکیان کە بۆ ئەوە تەرخان دەکرێت دەبێت، ئەو رێکارانەی یاسا رێگەی پێداوە رێگە بە بڕیاردانی دەستپێلکارکێشانەوەی بەکۆمەڵ نادات.
5- پێشتر سەرۆکی دەستەی باڵای هاوئاهەنگیی نێوان پارێزگاکان لە ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی دووەمی دەستەکە رێنماییەکی دەرکرد تایبەت بە پێویستیکردنی هەڵسەنگاندنی بابەتییانە پێش دەستپێکردن بەهەر رێوشوێنێکی گۆڕینی بەرپرسانی یەکە کارگێڕییەکان لە پارێزگاکان، ئەوە لەرێگەی لێژنەی پیشەیی تایبەتمەند دەکرێت.
لە کۆبوونەوەی دوێنێیدا، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گۆڕانکاریی لە 20 یەکەی کارگێڕیی پارێزگاکەی کرد، بە گۆڕینی بەرپرسانی، دوورخستنەوەیان، دانانی کەسانی دیکە لە شوێنەکانیان، کۆبوونەوەکە نیگەرانیی ژمارەیەک فراکسیۆنی لێکەوتەوە، هەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو ئەندامێتی خۆیان لە ئەنجوومەنەکە هەڵپەسارد.
کۆبوونەوەکەی دوێنێ دووشەممە، قایمقامەکانی شنگال، تەلەعفەر، تلکێف، حەزەر، بەعاج، مەخموور، حەمدانییەی، تێدا هەڵبژێردرا، لەگەڵ بەڕێوەبەرانی ناحیەکانی شۆرە، رەبیعە، گەیارە، باشیک، نەمروود، قەراج،، بەرتڵە، شیمال، عەیازییە، زوممار، وانە، حەمام عەلیل. ئەو بەرپرسانەشی دوورخستەوە کە لە بەشێک لەو پۆستانە پێشتر دیاریکرابوون.
ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی پێگەیشتنی بڕیارەکە پێیان بە رووداوی گوت :"ئەوەی دوێنێ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەن روویدا نایاسایی بوو، پێچەوانەی رێکارە یاساییە پەیڕەوکراوەکان بوو، بۆیە ئێمە بەنیازین سکاڵا لە دادگەی کارگێڕی تۆماربکەین، چونکە ئەو شێوازە لە دوورخستنەوەی بە کۆمەڵ بەبێ لێپرسینەوە و هیچ رێکارێکی یاسایی نا درووستە."
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی پارتی ئاماژەیە بەوەدا :"دەبێت ئەو بابەتە لەپاڵ هەوڵە سیاسییەکە، لە رێگەی یاساییەوە چارەسەر بکرێت و ئێمە بەو گۆڕانکارییانە رازی نابین."
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە 29 کورسی پێکدێت، بۆ دوو هاوپەیمانی سەرەکی دابەشدەبێت، هاوپەیمانیی نەینەوای یەکگرتوو کە 13 کورسیی هەیە، پارتی دیموکراتی کوردستانیشی تێدایە، لەگەڵ هاوپەیمانێتی نەینەوای داهاتوو کە هێزەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی تێدایە و 16 کورسییان هەیە.