سەرۆک بارزانی گەیشتە بەغدا

03-07-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک مەسعود بارزانی و شاندی یاوەری گەیشتنە بەغدا و لە فڕۆکەخانە لەلایەن بەرپرسانی باڵای عێراقەوە پێشوازیی لێکرا.
 
سەرۆک بارزانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لەلایەن د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە؛ محەممەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان؛ سابت عەباسی، وەزیری بەرگری و ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی حکومی و سیاسییەوە پێشوازیی لێکرا.
 
بارەگای بارزانی ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی تەممووزی 2024 رایگەیاند، سەرۆک مەسعود بارزانی بە مەبەستی ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە فەرمی و سیاسییەکانی عێراق و دیداری لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکان و باڵیۆزانی وڵاتان، سەردانی شاری بەغدا دەکات.
 
 
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بڕیارە سەرۆک بارزانی لە سەردانەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی دەسەڵاتەکانی عێراق، لەنێویاندا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە و بەرپرسانی هێز و لایەنە سیاسییەکان کۆببێتەوە.
 
کۆبوونەوەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو و کۆتاییهێنانە بە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی.
 
ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ رووداو کردووە، ئاماژەیان بەوە کرد، سەردانەکە رۆڵی لە کرانەوەی زیاتری نێوان هەولێر و بەغدا دەبێت. بەرپرسێکی باڵای هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاساش بە رووداوی گوت، "سەردانەکە لە کاتێکی هەستیاردایە، زۆر دۆسیەی نێوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتی هەن، دەبێت عێراق و هەرێمی کوردستان خۆیانی بۆ ئامادەبکەن و لەنێوخۆدا خۆمان تۆکمە بکەین."
 
 
لە کۆبوونەوەکاندا دۆزینەوەی رێگەچارەی پێویست بۆ ژمارەیەک دۆسیە، لەنێویاندا بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، مووچەی مووچەخۆران، یاسای نەوت و گاز، دۆسیەی هەڵبژاردنەکان، پێکنەهێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگای کەرکووک و ژمارەیەک پرسی دیکە تاوتوێ دەکرێن.
 
دۆسیەی شنگال و ژمارەیەک بابەتی دیکەش تەوەری گفتوگۆی سەرۆک بارزانی و هێز و لایەنە سیاسییەکان دەبن.
 
بەپێی ئەو سەرچاوانەی رووداو قسەی لەگەڵ کردوون، سەرۆک بارزانی لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردە لەنێویاندا نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر، هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح و ژمارەیەک سەرکردەی دیکە کۆدەبێتەوە.
 
دوایین سەردانی، سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا، رۆژی پێنجشەممە 22ـی 11ـی 2018 بوو، کە بە یاوەریی شاندێك و بە مەبەستی دیدار لەگەڵ گەورە بەرپرسانی عێراقی و تاوتوێكردنی پرۆسەی سیاسیی سەردانی بەغدای كرد و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لەلایەن محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی ئەوکاتی پەرلەمانی عێراق و هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح و ژمارەیەك لە وەزیر و بەرپرسە سیاسی و ئیداری و ئەمنییەكانی عێراق پێشوازیی لێكرا.
 
لە سەردانەکەیدا سەرۆک بارزانی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی ئەوکاتی عێراق، محەممەد حەلبووسی، سەرۆكی ئەوکاتی پەرلەمانی عێراق، هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح،  عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە، نووری مالیكی، سەرۆكی دەوڵەتی یاسا، فالح فەیاز، سەرۆكی فراکسیۆنی عەتا، حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر، ساڵح موتڵەگ و ئەندامانی کوتلەی جەبهەی عێراقی بۆ حیواری وەتەنی و چەند لایەنێکی دیکە کۆبووەوە. هەروەها لە نەجەف لەگەڵ موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی نیشتمانی شیعە کۆبووەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بازگەی شێراوە لە رێگەی هەولێر بە ئاراستەی کەرکووک.

میقداد میری: سبەی هەینی قەدەخەی هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاکان بەردەوام دەبێ

میقداد میری، گوتەبێژى لیژنەى باڵاى ئەمنیى سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان رایگەیاند، سبەی هەینی قەدەخەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاکان بەردەوام دەبێت، بەڵام لەنێو شارەکاندا هاتووچۆ ئاسایی دەبێتەوە.