مانگی رابردوو 17 بوومەلەرزە لە باشووری کوردستان و عێراق روویانداوە
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق دەڵێت، مانگی رابردوو 17 بوومەلەرزە لە عێراق روویانداوە، کە زۆرترینیان لە باشووری کوردستان بوون.
رۆژی چوارشەممە، 03-07- 2024، عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، مانگی رابردوو 35 بوومەلەرزەیان تۆمارکردوون کە 17یان لەنێو باشووری کوردستان و عێراق روویانداوە، 15یان لە نێو رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران روویانداوە، یەکێکیان لەنێو باکووری کوردستان روویداوە، یەکێکی دیکەیان لە سووریا و ئەوی دیکەش لە سعودیە بووە.
وەکو عامر جابری گوتی، پێنج بوومەلەرزە لە پارێزگای دیالە لە سنووری خانەقین، دەریاچەی حەمرین و عوزێم روویانداوە؛ چوار بوومەلەرزە لە پارێزگای سلێمانی لە سنووری سەنتەری سلێمانی و قەزای کەلار روویانداوە؛ دوو بوومەلەرزە لە پارێزگای دهۆک لە سنووری سێمێل و زاخۆ روویانداوە؛ دوو بوومەلەرزە لە نەینەوا لە سنووری موسڵ و شنگال بوون؛ لە هەریەکە لە پارێزگای کەرکووک و هەولێریش بوومەلەرزەیەک روویداوە و ئەوەی هەولێر لە سنووری شەقڵاوە بووە؛ هەروەها لە سنووری پارێزگای واست بوومەلەرزەیەک و لە سنووری موسەننا بوومەلەرزەیەک روویداوە.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق باس لەوە دەکات، گوڕی بوومەلەرزەکان لەنێوان 1.8 و 5.3 بوون.
رۆژی 15ـی کانوونی دووەمی 2024، دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق رایگەیاند، لە ساڵی 2023دا 311 بوومەلەرزەی تۆمار کردووە کە گوڕەکانیان لەنێوان 1 بۆ 5 پلە بە پێوەری رێختەر بووە؛ 67 لەو بوومەلەرزانە لە باشووری کوردستان بوون کە زۆرترینیان لە سلێمانی بوون.