لە بەسرە سێ برا و ئامۆزایەکیان لە چاڵە نەوتێکدا خنکان

 
رووداو دیجیتاڵ

سێ برا و ئامۆزایەکیان لە قەزای زوبێر-ی پارێزگای بەسرە، دەکەونە نێو چاڵە نەوتێکەوە و دەخنکێن.
 
رۆژی چوارشەممە 03-07-2024 عەباس ماهیر، قایمقامی قەزای زوبێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە ناوچەی بەرجسییە، کێڵگەی نەوت هەیە، گۆماوی تێدایە بۆ نەوتی کێڵگەکە بەکاردێت و بەجێهێڵدراون، دوێنێ سەرلە ئێوارە، چوار منداڵ و مێرمنداڵ چوون مەلەوانیی تێدا بکەن و دواتر خنکاون، کە سێ برا و ئامۆزایەکیانن.
 
ناوچەی بەرجسییە، دەکەوێتە سنووری قەزای زوبێر لە رۆژئاوای پارێزگای بەسرە-ی باشووری عێراق.
 
بە گوتەی عەباس ماهیر، ئەو کەسانە پەرژینی دەوروبەری چاڵە نەوتەکەیان بڕیوە، لە گۆماوێکی قەراخی چاڵە نەوتەکە مەلەوانییان کردووە، دواتر رۆیشتوون و کەوتوونەتە نێو چاڵە نەوتەکە، نەیانتوانیوە خۆیان رزگار بکەن و بەهۆیەوە هەر چواریان گیانیان لەدەستداوە، کە تەمەنیان لەنێوان 8 بۆ 18 ساڵانە.
 
ئەو شوێنەی رووداوەکە تێیدا روویداوە، بیری 20ی ناوچەی بەرجسییە.
 
قایمقامی قەزای زوبێر جەخت لەوە دەکاتەوە، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە، ئەوەی کەمتەرخەم بێت رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
 
عەقید عەزیز هاشم، گوتەبێژی پۆلیسی بەسرە بە رووداوی گوت، لەو شوێنە بۆریی ئاو شکاوە و ئاو کۆبووەتەوە، ئەمانەش چوونەتە شوێنەکە مەلەوانی بکەن.