رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى بەرگریى عێراق ناوتۆمارکردن بۆ خولى ئەفسەرى دەستپێدەکات کە 150 کەسیان پشکى کۆلێژە سەربازییەکانى هەرێمى کوردستان دەبێت.
بڕیارە سێشەممە 4ـی تەمموز، وەزارەتى بەرگریى عێراق دەرگەى ناوتۆمارکردن بۆ کۆلێژەکانى سەربازى بکاتەوە کە تاوەکو شەشى تەمموز بەردەوام دەبێت.
بەگوێرەى رێنماییەکانى وەزارەتى بەرگریى عێراق، ئەو کەسانەى داواکارى وەرگرتن لەو کۆلێژانە پێشکێش دەکەن بۆ ئەوەى ببنە ئەفسەر، دەبێت تەمەنیان لەنێوان 20 ساڵ بۆ 26 ساڵ بێت و خاوەنى بڕوانامە بن لە کۆلێژە مەدەنییەکان لە زانکۆ حکومى و تایبەتییەکان کە لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى عێراقەوە دانپێدانراون.
3ـی تەمموزى 2023، سەگڤان سندى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، 700 کەس لەو خولانە وەردەگیرێن نزیکەى 150 کەسیان پشکى هەرێمى کوردستان دەبن، کە لە کۆلێژە سەربازییەکانى زاخۆ و قەڵاچوالان وەردەگیرێن.
سەگڤان سندى گوتیشى، "لەدواى وەرگرتنى خوێندکارانى ئەو کۆلێژە سەربازییانە لە 11ـی تەمموز، چاوپێکەوتن و پشکنین بۆ ئەو خوێندکارانە دەکرێت کە لە هەولێر و سلێمانى وەرگیراون؛ 12ـی تەمموزیش هەمان رێکار بۆ ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر کە لە سنوورى پارێزگاى دهۆک وەردەگیرێن".
بەگوێرەى نووسراوێکى وەزارەتى بەرگریى عێراق کە دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتووە، وەرگرتنى دەرچووى زانکۆ ئەندازیاری و زانستە مرۆڤایەتییەکان لەو خولانەدا وەردەگیرێن کە 33 کۆلێژ دەگرێتەوە.
وەزارەتى بەرگرى لینکى وێبسایتێکى (http://eformsmod.ur.gov.iq) بڵاوکردووەتەوە کە چواری تەممووز دەکرێتەوە و بۆ ئەوەىە لە رێگەیەوە داواکارى پێشکێش بکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ