لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق باسی گەنمی جووتیارانی کوردستان نەکرا

03-06-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق کۆبووەوە، لە راگەیێندراوی کۆبوونەوەکەدا هیچ ئاماژەیەک بە گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان نەکراوە.
 
ئەنجوومەنەکە رۆژی دووشەممە 03-06-2024 بە سەرۆکایەتیی فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق و ئامادەبوونی وەزیری پلاندانان، وەزیری بازرگانی، وەزیری کشتوکاڵ، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، راوێژکارانی سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری ئابووری، یاسایی و بریکاری وەزارەتی نەوت کۆبووەوە.
 
چاوەڕوان دەکرا لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری بڕیار لەبارەی بڕی گەنمی وەرگیراوی هەرێمی کوردستان بدات، بەڵام لە راگەیێندراوەکەدا هیچ ئاماژەیەک بەو پرسە نەکراوە.
 
رۆژی یەکشەممە 02-06-2024 بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوتبوو، "سبەی (واتە ئەمڕۆ دووشەممە) بەرچاومان لەبارەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران روون دەبێت، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئابووری بڕیار دەدرێت."
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەنجوومەنەکە کۆنووسی تایبەت بە راسپاردەکانی لیژنەی جێبەجێکردنی سیاسەتی هاوردەکردن و رێکارەکانی جێبەجێکردنی تاوتوێ کرد، ئەوەش بۆ پشتیوانی لە هاوردەکردن و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی.
 
ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری رەزامەندیی لەسەر داوایەکی وەزارەتی بازرگانی دەربڕی، بۆ دەستکاریکردنی سەرمایەی کۆمپانیا و رێژەی خوازراو. ئەنجوومەنەکە بڕیاریدا زیادکردنی رێژەی داواکاری بۆ کۆی سەرمایەی کۆمپانیاکان و مافی خاوەنەکانی دیکە لە 700% زیاتر نەبێت کە پێشتر 300% بوو؛ جگە لە کۆمپانیا پشکدارەکان کە رێژەی سەرمایەکەیان لە 200% زیاتر نەبێت.
 
وەزیری بازرگانی راپۆرتی خۆی لەبارەی کۆبوونەوەکانی خولی 113ی ئەنجوومەنی ئابووری و عەرەبی پێشکێش کرد، کە لە بارەگای ئەمیندارێتیی گشتیی وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی بەڕێوەچوو، لەگەڵ خستنەڕووی بڕیارەکانی لەوانە: رێککەوتنی بازرگانیی عەرەبی هاوبەشی کارەبا، کەرەستەی گواستنەوەی ئاسمانی و دەریایی عەرەبی، دەستپێشخەری دامەزراندنی بانکی نیشتەجێبوونی و ئاوەدانی عەرەبی و پەرەپێدانی کشتوکاڵ و ئاسایشی خۆراک.
 
رۆژی یەکەشەممە 2ی حوزەیرانی 2024 حەیدەر گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو باسی لە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کرد و هۆکاری دواکەوتنیشی خستە ئەستۆی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان.
 
گەرعاوی گوتی، تاوەکو ئێستا ناوەندەکانی وەرگرتنی گەنمیان لە هەرێمی کوردستان نەکردووەتەوە، "لە کاتێکدا وەکو وەزارەتی بازرگانی هەموو شوێنەکان بۆ وەرگرتنی گەنم ئامادەن."
 
ئەو بەرپرسە عێراقییە باسی لەوەش کرد، بەگوێرەی پێشبینیی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، "ئەگەری هەیە ئەم ساڵ شەش ملیۆن تۆن گەنم وەربگرین، ئەگەر ئەو ژمارەیەش لەگەڵ 5 ملیۆن و 200 هەزاری ساڵی رابردوو هەژمار بکەین، ئەوەی دەمێنێتەوە 800 هەزار تۆنە وەکو گەنمی زیادەی ئەم ساڵ. 200 هەزارمان داوەتە هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا بۆ 15 پارێزگاکەی دیکە 600 هەزار زیادمان پێداون."
 
گەرعاوی دەڵێت، بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، "ئێستا چاوەڕێی بەڕێز وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەکەین ئەو 700 هەزار تۆنە بەسەر جووتیارانی هەرێمی کوردستاندا دابەش بکات، بۆ ئەوەی جووتیاران  گەنمەکانیان رادەست بکەن و ئێمەش دەرگەی سایلۆکانمان بکەینەوە." 
 
ئەوە لە کاتێکدایە، وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەرهەمی گەنمەکەی ملیۆنێک و 500 هەزار تۆنە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە