شاخەوان عەبدوڵڵا: بودجەی 2024ی عێراق بە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا ئامادە کرابوو

03-06-2024
هیدایەت جان
د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، خشتەی بودجەی 2024ی عێراق بە رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق رەوانەی پەرلەمان کراوە و دەشڵێت، "بودجەکە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی گەرەنتی کردووە."
 
رۆژی دووشەممە 3ی حوزەیرانی 2024 د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدای راگەیاند، "شەوی رابردوو کێشە کەوتە نێوان سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئەندامانی لیژنەکە، ئەمڕۆ بۆ نەهێشتنی ئەو کێشەیە کۆبوونەوەیەکمان رێکخست، بۆئەوەی بە یەکدەنگی بێنە نێو هۆڵی پەرلەمان، لە کۆبوونەوەکەدا کۆدەنگییەکمان دروستکرد بۆئەوەی دەستکاریی خشتەکانی بودجە نەکرێت و هەر بەم شێوەیەی حکومەت ناردوویەتی، پەسند بکرێت."
 
د. شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت، "لە بودجەی 2024ی عێراق گەرەنتیی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کراوە و لە خەرجیی فیعلی جیاکراوەتەوە، ئەوەی ماوەتەوە لەسەر حکومەت، پابەندبوونە بەو خشتانەی کە خۆی ناردوویەتی و ئەگەر بیانوویەک هەبێت کە لە شوێنێک پێویستیمان بە بڕە پارەیەک هەبێت بۆ بابەتەکانی خانەنشینی و پاداشتی کارمەندان، سەرۆکوەزیران دەسەڵاتی گواستنەوەی دوو ترلیۆن دیناری هەیە بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکان."
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوە دا، کاریان لەسەر ئەوە کرد بودجە وەکو خۆی پەسند بکرێت، بۆئەوەی کێشە بۆ مووچەی مامۆستایانی گرێبەست و هێزە ئەمنییەکان دروست نەبێت، دەسەڵاتی گواستنەوەی دوو ترلیۆن دیناریان دایە سەرۆکوەزیرانی عێراق و بە یاسا رێگەی پێدراوە ئەو بڕە پارەیە لە بودجەی وەبەرهێنانەوە بگوازێتەوە بودجەی کارپێکردن."
 
شاخەوان عەبدوڵڵا گوتیشی، "ئەم بودجەیە بە رێککەوتنی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق رەوانەی پەرلەمان کراوە و گەرەنتیی تەواوەتیی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە خشتەی بودجەدا کراوە."
 
بودجەى عێراق بۆ 2024 زیاتر لە 211 تریلیۆن دینارە، کە نزیکەى 12 تریلیۆن دینارى بەراورد بە ساڵى 2023 زیاتر بووە. لەو بڕە پارەیە 20.9 تریلیۆن دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە بۆ ساڵێک، کە نۆ ترلیۆن و 55 ملیار دینارى بۆ مووچەیە.
 
بەشێک لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق ئەو بڕە پارەیەی بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە بە زیادیان دەزانی و دژی بوون، شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت؛ "هەمیشە ئەو ناڕەزایەتییانە لەسەر شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان هەبووە، ئەمساڵ نەمانهێشت دەستوەردانی تێدا بکرێت، لەبەر ئەوەی بودجەی 2024ـی عێراق خۆی زیاد بووە، هاوکات لەگەڵ ئەو زیادبوونە، پشکی هەرێمی کوردستانیش زیادی کردووە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت