رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی رووخانی خانوویەکەوە لە شاری بەغدا، کرێکارێک گیانی لەدەستدا.
رووداوەکە نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 03-06-2024 لە ناوچەی ئەمین لە رۆژهەڵاتی شاری بەغدا، لە کاتی نۆژەنکردنەوەی خانووەکەدا بووە.
نەواس سەباح شاکر، هاوئاهەنگیکارى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، کرێکارێک کەوتووەتە ژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی بەرگریى شارستانیى عێراق، دوای رووداوەکە، دەستبەجێ تیمەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، تەرمی کرێکارەکەیان دەرهێناوە و رەوانەی دادپزیشکییان کردووە.
لە هەندێک میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لەوە دەکرا کە تەرمی دیکە لەژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکە ماوە و پرۆسەی گەڕان لەلایەن بەرگریی شارستانی بەردەوامە؛ بەڵام نەواس سەباح رەتیکردەوە هیچ تەرمێکی دیکە لەژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکەدا مابێت و گوتی، لەو رووداوەدا تەنیا یەک کرێکار گیانی لەدەستداوە و تەرمەکەشی دەرهێندراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ