لە بەغدا هێرش دەکرێتەوە سەر براندە ئەمریکییەکان

04-06-2024
نەهرۆ محەممەد
دیمەنێکی ئەمشەو لە کاتی هێرش بۆسەر براندێکی ئەمریکی لە بەغدا
دیمەنێکی ئەمشەو لە کاتی هێرش بۆسەر براندێکی ئەمریکی لە بەغدا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە بەغدا جارێکی دیکە هێرش کراوەتەوە سەر خواردنگە و براندە ئەمریکییەکان. دوای هێرشەکەش هێزێکی زۆری ئەمنی بڵاوکراونەتەوە. ئەمە سێیەم جارە لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا هێرش دەکرێتە سەر براندە ئەمریکییەکان لە شاری بەغدا.
 
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا گوتی، ئەمشەو کۆمەڵێک کەس کە سەر بە گرووپە چەکدارەکانن، بە دار و بەرد و ئاسن هێرشیان کردووەتە سەر لقەکانی چێشتخانەی کەی ئێف سی لە ناوچەکانی کەڕادە، جادریە و شەقامی فەڵەستین و، جام و کەرەستەکانی نێویان شکاندوون.
 
(کەی ئێف سی- KFC)  زنجیرە خواردنگەیەکی ئەمریکی تایبەت بە خواردنی خێرایە و نووسینگەی سەرەکی لە کێنتاکی ئەمریکایە، بە دووەم گەورەترین زنجیرە رێستۆرانتەکانی خواردنی خێرا لەدوای میکدۆناڵدز دادەنرێت.
 
هەموو براندەکانی ئەمریکا ئامانجی ئەو گرووپانەن، کە وەکو خۆیان باسی دەکەن، ئەمە پشتیوانییەکە بۆ فەڵەستین و خەڵکی غەززە و دەڵێن، ئەمریکا پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکات.
 
هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی هێرشەکە و رووبەڕووبوونەوە روویداوە، بەهۆیەوە بەلایەنی کەم سێ کەس بریندار بوون.
 
 
ئێستا هێزێکی زۆری ئەمنی بڵاوبوونەتەوە و رێکاری ئەمنیی تووند گیراوەتەبەر. دۆخەکە کۆنترۆڵ کراوە، ناوچەی کەڕادە داخراوە. قەرەباڵخییەکی زۆر لەو ناوچانە دروستبووە.
 
شانەی راگەیاندنی ئەمنی لەبارەی داخستنی چەندین رێگە و پرد لە بەغدا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، فەرمان دەرنەچووە بۆ داخستنی هیچ ناوچە و پردێک؛ هەموو پرد و رێگەکان کراوەن کە دەچنە ناوچەی کەڕادە و شەقامی فەڵەستین.
 
ئەو گرووپانە داوا لە لایەنگرانیان دەکەن بچنە سەر هەموو خواردنگە و کۆمپانیا و بەرژەوەندییەکی ئەمریکا و بایکۆی کاڵای ئەمریکی بکەن.
 
ئەبو عەلی عەسکەری، بەرپرسی ئەمنیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق، لە هەژمارەی ئێکسی خۆی بەبۆنەی 35ـەمین ساڵیادی کۆچی خومەینی، رێبەری شۆڕشی ئێران، پەیامێکی بڵاویکردەوە و داوای بایکۆت و دەرکردنی ئەوانە دەکات کە سەر بە ئەمریکان و بە ناونیشانی مەدەنی کار دەکەن و رێگە نەدەن بە ئارەزووی خۆیان کار بکەن؛ ئەوەش بە ئەرکی "شەرعی و ئەخلاقی" ناو دەبات.
 
ئەبو عەلی عەسکەری داواش لە هێزە ئەمنییەکان دەکات پشتیوانیی ئەو بزووتنەوە جەماوەرییە بکەن کە کار بۆ دەرکردنی ئەوانە دەکەن. دەشڵێت، دەبێت چالاکیی باڵیۆزانی وڵاتانی دژبەری عێراق بخرێنە ژێر چاودێری و بە ئاگایی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.
 
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 26-05-2024 رێستۆرانتی کەی ئێف سی (KFC) لە شاری بەغدا بە نارنجۆک هێرشی کرایە سەر. فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا دەڵێت، ئەوانەی هێرشەکەیان کرد، دەستگیر کراون.
 
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، رۆژی یەکشەممە 26-05-2024 رایگەیاند، "دوو ماتۆڕسوار نارنجۆکێکیان فڕێدابووە بەردەم یەکێک لە رێستورانتەکان لە گەڕەکی 605 لە ناوچەی فەلەستین لە بەری رەسافەی شاری بەغدا. لە ئەنجامدا زیان بەر رووی دەرەوەی رێستۆرانتەکە کەوت و دەستبەجێ ناوچەکەش داخرا. تیمێکی هاوبەش لە پۆلیسی باب شێخ، پۆلیسی فریاکەوتنی بەغدا و هەواڵگری پێکهێندرا و سەیری کامێراکانی چاودێرییان کرد بۆ دۆزینەوەی تاوانباران."
 
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا ئاماژە بەوە دەکات، لە ئەنجامی هەوڵەکان دوو تۆمەتبار دەستگیرکران و دەست بەسەر دەمانچە و ماتۆڕسکیلەکەیشیان گیرا و هەردوو کەسەکەش رادەستی پۆلیس کراون بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەریان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمیسیۆن و پەنجەی کەسێک لەکاتی دەنگدان

کۆمیسیۆن: ملیۆنێک دەنگدەر زانیارییان نوێکردووەتەوە و زیاتر لە 70 پارت خۆیان تۆمارکردووە

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، وەک بەشێک لە ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، نزیکەی یەک ملیۆن دەنگدەر زانیارییەکانیان نوێکردووەتەوە؛ زیاتر لە 70 پارتیش خۆیان بۆ بەشداریکردن تۆمار کردووە.