پارێزگاری لەکارلادراوی سەڵاحەدین رێگەنادات پارێزگاری نوێ دەستبەکاربێت
رووداو دیجیتاڵ
هێشتا وێرانکاری دوو ساڵی حکومڕانی داعش بە سیمایی تکریتی ناوەندی پارێزگای سەڵاحەدین بەڕوونی دیارە، بەشێک لە خەڵکی ئەو پارێزگا زۆرینە سوننە مەزهەبە دەڵێن، بە دەست ململانێی نێوان بەشێک لە سەرکردە سوننەکانەوە دەناڵێنن. تاوەکو ئێستاش پارێزگاری پێشوو رێگرە لەوەی پارێزگاری نوێی شارەکە دەستبەکاربێت.
دوای ئەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پارێزگای سەڵاحەدینی بە تۆمەتی گەندەڵی لە پۆستەکەی دوورخستەوە و پارێزگارێکی بەوەکالەتی لە شوێنەکەی دانا، ململانێکان بە جۆرێک قووڵبوونەتەوە کە کاریگەری لەسەر خەڵک و پرۆژە خزمەتگوزارییەکان
دروستکردووە.
ئەیاد ئەحمەد، دانیشتووی تکریت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو پارێزگارەی دیکە هیچمان لێ نەبینی و رۆیشت، عەمار جابر هیچمان لێ نەبینی، هەموو کارەکانی بۆ کەسوکاری خۆی بوو، لێرە بنیاتنانەوە نییە و شەقامەکان وێرانن، پارێزگاری نوێش تاوەکو ئێستا نەمانبینوە، چونکە یەک دوو هەفتەیە پۆستەکەی وەرگرتووە."
لەماوەی شەش ساڵدا سێ پارێزگار بۆ سەڵاحەدین دانراون، بەشێک لە خەڵکی ئەو پارێزگایە دەڵێن، هیچیان سودیان بۆ پارێزگاکە نەبووە و تاوەکو دێت دۆخی شارەکە و دانیشتووانەکەی بەرەو خراپتر بوون دەچێت.
تەها عەزاوی، قوتابی زانکۆیە و بە رووداوی گوت: "لەکاتی رزگارکردنەوە [رزگارکردنی شارەکە لە دەستی داعش] تاوەکو ئێستا ئەوە بووە شەش ساڵ سێ پارێزگار گۆڕاوە و هەر وەکو خۆیەتی، ئومێدی ئەوەمان هەبوو دۆخەکە باش بێت و دامەزراندن هەبێت و بێ کار نەمێنین، بەڵام هەروەکو خۆیەتی و کرێکاری دەکەین."
هیشام بەدر، سەوزە فرۆشە و باسی لەوە کرد: "گەڕاینەوە گوتمان بەڵکو بنیاتنان هەبێت، بەڵام هیچ نییە، من دانیشتووی گەڕەکی قادسیەم، شەقامەکانی وێرانبووە، ماوە ماوە کار لە ئاوەڕۆکەی دەکەن و جێیدەهێڵن."
حەسەن خەتاب، دووکاندارە و ئاماژەی بەوە کرد: "ئەنباریش خەڵکەکەی ئاوارە بوون و پارێزگاری هەیە، بڕۆ سەیری باخچە و شەقامەکانی بکە و ئێمە ئەو پردەمان هەیە شەش ساڵە هەر تەواو نەبووە."
پارێزگاری لەکارلادراوی سەڵاحەدین رێگە نادات پارێزگاری نوێ دەستبەکاربێت، ئەوەش چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری لە شارەکە راگرتووە و خەڵکی نیگەرانکردووە.
هەفتەی داهاتوو دادگەی فیدراڵیی عێراق بڕیار لەسەر ئەو تانەیەی پارێزگاری پێشووی سەڵاحەدین دەدات کە دژی بڕیاری لە کارلادانی ئاراستەی دادگەی کردبوو، تاوەکو ئەو کاتەش ئیدارەی پارێزگا کارەکانی بەراگیراوی دەمینێتەوە.
کاوە شێخانی، راوێژکاری پارێزگاری سەڵاحەدین ئەوەی خستەڕوو: "دکتۆر عەمار جابر لە دادگەی فیدراڵیی عێراق سکاڵای تۆمارکردووە و چاوەڕێی یەکلایی بوونەوەیە، بەو هۆیەوە سەرجەم پرۆژەکان راگیراوە، چونکە ئەو بەڵێندەرانەی کاریان دەکرد، ئامادە نین سەرکێشی بە پارەکانیان بکەن، تاوەکو ئەم کێشەیە یەکلایی نەبێتەوە، ئەگەر کێشەکە چارەسەر نەکرێت، دۆخی ئەمنیش تێکدەدات، چونکە پارێزگار سەرۆکی لێژنەی ئەمنیی پارێزگاکەیە."
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، 36 دۆسیەی گەندەڵی و بەهەدەردانی داهاتی گشتی لەسەر عەمار جابر، پارێزگای پێشووی خستە دەنگدانەوە و بە زۆرینەی دەنگ لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.